به‌رپرسێكی پارتی: به‌هۆی جینۆسایدی كورد له‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كان ده‌بێت حه‌یده‌ر عه‌بادی دادگایی بكرێت

 

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ركووك به‌ هۆی خیانه‌تی یه‌كێتی له‌ 16ـی ئۆكتۆبه‌ر له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی وسوپای پاسداران داگیركرا, ئێستا شاره‌كه‌ رووبه‌ڕووی ته‌عریب و رفاندن و شه‌هیدكردنی پێشمه‌رگه‌ چاڵاكوانه‌كانی كورد و ته‌قاندنه‌وه‌ی ماڵی هاوڵاتیان له‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كان بوه‌ته‌وه‌ به‌ر پرسێكی پارتی لە كەركووك رایگەیاند كە دەبێ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق بەتۆمەتی قەڵاچۆكردن و هێرشكردنە سەر نەتەوەی كورد لە كەركووك دادگایی بكرێت.

شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەسەر شاری كەركووك و سەركردەی پارتی لە شارەكە دووپاتی دەكاتەوە ئەگەر وەڵامی داواكانی دانیشتوانی شارەكە نەدرێتەوە و دادپەروەری لە كەركووك بەدی نەهێندرێت، ئەوا دەبێ چاوەڕوانی راپەرینێكی جەماوەری بكەن لە كەركووك، وەك چۆن پێشتر لە دژی ڕژێمی بەعس راپەرین.

شاخەوان عەبدوڵا ئەمڕۆ سێشەممە لە یەكەم ساڵوەگەری خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەری تاقمێكی یەكێتی، بەكەناڵی (سۆمەریەنیوز)ی راگەیاند “لە یەكەم ساڵیادی پرۆسە سەربازیە نایاساییەكەی حكوومەتی عەبادی بۆ سەر پارێزگای كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، داوا لە دادگای عێراقی دەكەین لێپرسینەوە لەگەڵ حەیدەر عەبادییدا بكات بەتۆمەتی قەڵاچۆكردنی پێكهاتەیەك و بەكارهێنانی هێزێكی سەربار لە دژی گەلی عێراق، كە پێشێلكارییەكی ئاشكرای دەستوورە”.

سەركردەكەی پارتی لە كەركووك دووپاتی كردووەتەوە كە لەوەتەی پارەوە كەركووك بووەتە سەربازگەیەكی داخراو و رۆژانە دەستدرێژی دەكرێتە سەر لاوانی كورد لەلایەن دەستەیەكی تیرۆریست و تاوانكاری ناسراوەوە.

Back to top button