سیاسەتی عەنتەریات بەرەو کوێ ……لەیادی یەک ساڵەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر

مەلا ھەندرێن

لەیادی یەک ساڵەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ، پێم باش بوو ھەڵسەنگاندنێکی سەرپێیانەی سیاسەتی عەنتەریانەی یەکێتی بکەم و بزانین ئایندەی کوردستان لەسایەی ئەم حزبە بەرەو کوێ ئاراستە دەکرێت . بالەوەدەست پێ بکەین کە یەکێتی رێک یەک ساڵ لەمەوبەر ، واتا لە ٢٠١٧/١٠/١٦ بێ گوێ دانە ھیچ بنەماو پێوەرێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و بێ رەچاوکردنی دەیان سالەی خەبات و تێکۆشانی کوردو خوێنی سەدان ھەزارشەھیدوقوربانییەکانی ئەنفال و کیمیاباران و وێران بوونی ھەزاران لادێی کوردستان ،زۆر بێ شەرمانە کەرکوک و نیوەی خاکی کوردستانیان رادەستی حشدی شعبی و ھێزی دوژمنان کردەوە .
یەکێتی پاش ئەوەی گەیشتۆتە ئەو باوەرەی رۆژدوای رۆژ پێگەی سیاسی و کۆمەلایەتی و جەماوەری کزولاواز تر دەبێت و لەبەرامبەریش پێگەی پارتی بەخێرایی بەرەو لوتکە ھەڵدەکشێت ، پاش ئەوەی لەھەڵبژاردنەکانیش کێرفی دەنگەکانی بۆخوار نیوەی دەنگەکانی پارتی دابەزیوە و دەزانێت ئیدی خەلکی کوردستان روولەپارتی و پشت لەیەکێتیە . رای گەیاند ئەوان ھیچ حیساب بۆ دەنگی خەلک و ئەنجامی ھەلبژاردن ناکەن ، ھەروەھا گووتیان ئەگەر یەکێتی یەک کورسی پەرلەمانیش بێنێت . ئەوە ھیچ کەس ناتوانێت دەسەلاتیان لێ بسەنێت و ئەوان ھەر خاوەنی نیوەی دەسەلاتی کوردستانن . ھەرلەسەر ئەم بنەمایە بۆ ئەوەی پارتی و بارزانی لەناوبەرن ، خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرییان کرد . لە ٢ ی ئۆکتۆبەری ئەمسالیش بێ گوێ دانە مافگەلی ھەڵبژردن و بردنەوەی پارتی ، چوونە ژێربالی دوژمنان و بەزۆری زۆرداری وبە عەنتەرییات پۆستی سەرۆک کۆمارییان برد. بۆ پۆستەکانی تریش لەبەغدا بەنیازن بەپالپشتی زۆرینەی شیعە و ئێران . دەستی بەسەردابگرن . ئەوە خەریکن پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش ، بەپاڵپشتی عەرەب و بێ حیساب کردن بۆ زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگا وەربگرنەوە . یەکێتی لەکەرکوک دەلێت پارتی بۆی نییە باسی پۆستی پارێزگای کەرکوک بکات . چونکو یەکێتی لەھەڵبژاردن براوەی یەکەمە و خاوەنی زۆرینەیە .
بەراستی سەیرە . ئەمە سیاسەتی نێرەکەرییە ، یان سایسەتی پۆست مۆدێرن و سۆسیال – دیمۆکراتەکەی ئەوروپایە . لەکەرکوک ئەوزۆرینەیە دەبێت پۆستی یەکەم بۆ ئەو بێت و کەس بۆی نییە باسی بکات . لەبەغداش پارتی زۆرینەیە ھیچ نییە و ھەر دەبێت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت . لە ھەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، پارتی ٤٦ کورسی ھێناوە و یەکێتی ١٩ کورسی ھێناوە .بەلام یەکێتی دەلێت نابێت لە دەسەلات کورسی پەرلەمان پێوەر بێت ، بگرە دەبێت ھێزی سەربازی پێوەر بێت و ھەردەبێت لەگەل پارتی نیوە بە نیوە بین لەدەسەلات . واتا ھەربە عەنتەریات دەبێت ئەوەی ئەوان دەیانەوێت ئەوە جێبەجێ بکرێت ، ئەگەرنا ئامادەن بۆ ھەموو خیانەتێک و جاشایەتی و خۆفرۆشیەک . بەلێ ئەمە سیاسەتی ئەمرۆی یەکێتییە و کوردستانی خستۆتە لێواری مەترسیەکی گەورە و بەپێی زانیاریی و لێکدانەوەکانیش بێت ، ھەرئیستا یەکێتی خەریکی سیناریۆی خیانەتێکی ترە کە ھیچی لە خیانەتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر کەمتر نییە . ئەوەتە خەریکە بە بەخشینی دیاریەکی بەنرخ ، تورکیا ئاشت دەکاتەوەوگەرەکیەتی بەم کارەی تورکیاش وەک ئێران راستەو خۆ رۆل ببینێت لە پیلانی لەناوبردنی پارتی و ئەزموونی ھەرێمی کوردستان . ئەمەو زۆر کارەساتی تریش لەئایندە ، لەسایەی سیاسەتی عەنتەریاتی یەکێتی ، رووبەرووی خەلکی کوردستان دەبێتەوە .

Back to top button