یه‌كگرتووه‌ داوای دادگایی كردنی خیانه‌تكارانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ده‌كات

 

دوای ئه‌وه‌ی به‌ هۆی خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری گرووپێكی یه‌كێتی كه‌ركووك له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسداران داگیركرا, له‌ ئێستادا شاره‌كه‌ به‌ حوكمی سه‌ربازی و به‌ڕێوه‌ده‌چێت و رووبه‌رووی ته‌عریب كردن بووه‌ته‌وه‌, به‌ رپرسێكی یه‌كگرتووش له‌كه‌ركووك ده‌ڵێت:” ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کارەساتێکی گەورەی میللەتی کوردە و ”دەبێ ئەنجامدەرانی دادگایی بکرێن“.
مەولود ڕەسووڵ، بەرپرسی مەڵبەندی ٦ی کەرکووکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند: “ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە نسکۆیەکی گەورە و تاوانێکی دڵتەزێنی میللەتەکەمان دەزانین، چونکە خەڵکێکی زۆری دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ماڵیان سووتێنرا و تاڵانکرا و ئاوارە و دەربەدەربوون“.
ڕوونیشی کردەوە، ١٦ی ئۆکتۆبەر بەلای خەڵکی کەرکووک برینێکە تائێستا ساڕێژ نەبووە، چونکە پێشتر ھێزی پێشمەرگە لەناو شاری کەرکووک باڵادەست بووە و هاووڵاتییانی شارەکە لە دۆخێکی ئەمنیی باشدا بوون، بەڵام ”ئێستا خەڵکی ئەو شارە ڕۆژانە سوپا و پۆلیسی ئیتیحادی و دەبابەی سوپای عێراق دەبینێت، بۆیە هاووڵاتییانی کەرکووک زەرەرمەندی یەکەمی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوون“.
بەرپرسەکەی یەکگرتوو جەختی کردەوە کە پێشتر بۆ شەڕی داعش، ڕێککەوتن لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا کراوە، تاوەکوو سوپای عێراق بێتە چەند ناوچەیەک، بەڵام ”یەکێتی لە شاری کەرکووک زیاتر لە حزبەکانی دیکە دەسەڵاتی ھەیە، بۆیە یەکێتی رێککەوتنی لەوە گەورەتری کردووە، چونکە داگیرکردنی شاری کەرکووک مانای ئەوەیە ڕێککەوتنی تێپەڕاندووە“.
ئەو بەرپرسەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان نەیشاردەوە کە خەڵکێکی زۆر دەستیان لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا ھەبووە و ڕای گەیاند: ”دەبێ ئەو کەسانە دادگایی بکرێن، چونکە ئەو ڕووداوە کارەساتێکی گەورە بووە و نابێ ڕێگە بدرێ کارەساتی لەوە گەورەتر بەسەر میللەتەکەماندا دووبارە بێتەوە“.

Back to top button