ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی كه‌ركوك به‌ڕێوه‌به‌ری كۆچ و به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانبه‌رانی گومرگی سلێمانی–كه‌ركوك ده‌ستگیر ده‌كات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ۱۷ی ئۆكتۆبه‌ر، به‌بڕیاری دادوه‌ر و له‌سه‌ر داوای ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عیراق ده‌ستگیركردنی به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانبه‌رانی گومرگی سلێمانی – كه‌ركوك ده‌ستیپێكرد، كه‌ سكاڵای هاوڵاتیانیان له‌سه‌ر بوو .

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومرگی ناوچه‌ی باكور به‌ ” خواكوڕك”ـی ڕاگه‌یاند: “ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ بۆ ده‌ستگیركردنی به‌ڕێوه‌به‌ری بازگه‌كه‌و فه‌رمانبه‌ران و شۆفێری بارهه‌ڵگره‌كانیش بوه‌”.

به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌رتاییه‌كان، شۆفێره‌كان ده‌ستكاری پسوله‌ی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌یان كردوه‌ كه‌ هاورده‌كراون، هه‌ر به‌پێی سه‌رچاوه‌كه‌ “پسوله‌كان‌ جیاواز بوه‌ له‌گه‌ڵ بڕی پاره‌كه‌”.

ئه‌و پرۆسه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ توانیویانه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر بارهه‌ڵگرێكدا بگرن كه‌ باره‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پسوله‌یه‌ بوه‌ كه‌ بۆی نوسراوه‌.

هاوكات دوێنێ سێشه‌ممه‌ ۱٦ی ئۆكتۆبه‌ر۲۰۱۸، عه‌مار سه‌باح، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆچ و كۆچبه‌رانی كه‌ركوك ده‌ستگیركراو له‌ ئێستادا له‌ باره‌گای ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ ده‌ستبه‌سه‌ره‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی ناوخۆیی كه‌ركوك.

سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ به‌ ” خواكوڕك”ـی ڕاگه‌یاند :” “دوای ده‌رچونی بڕیاری ده‌ستگیركردن له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌وه‌، هێزێكی پۆلیسی ناوخۆیی، عه‌مار سه‌باح-یان ده‌ستگیركرد، ئه‌وه‌ش به‌ پێی مادده‌ی ۳٤۰ له‌ یاسای سزادانی عیراقی ژماره‌ ۱۱۱ی ساڵی ۱۹٦۹”.

به‌پێی مادده‌كه‌ “هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك یان راسپێردراو بۆ خزمه‌تی گشتی هه‌ستێت به‌ زیانگه‌یاندن به‌ سامان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و لایه‌نه‌ی كاری بۆ ده‌كات و په‌یوه‌ندی پێوه‌ هه‌یه‌، یان سامانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌ستۆی ئه‌ودان، سزاده‌درێت و سزادانه‌كه‌ زیندانیكردن ده‌بێت كه‌ له‌ حه‌وت ساڵ زیاتر نه‌بێت، یان حه‌پسكردن (له‌ رۆژێكه‌وه‌ بۆ پێنج ساڵ).

Back to top button