هۆزه‌ عه‌ره‌به‌ سونه‌كان: به‌هۆی خیانه‌تی یه‌كێتی له‌ 16ـی ئۆكتۆبه‌ر قوربانی زۆرمان دا بۆیه‌ داوای یاسایی دژ به‌و حزبه‌ تۆمارده‌كه‌ین

 

دوای ئه‌وه‌ی به‌ هۆی خیانه‌تی گرووپێكی یه‌كێتی له‌ 16ـی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ركووك و به‌شێكی زۆری خاكی كوردستان داگیركرا, كه‌ له‌ ئه‌نجامی جێبه‌جێكردنی پیلانه‌كه‌ دژ به‌ كوردستان به‌ سه‌دان كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانی گوته‌بێژی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانییش ده‌ڵێن:” یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هۆكاری له‌ده‌ستدانی سه‌دان كه‌سی هۆز و تیره‌كانمانه‌ له‌كاتی هێرشی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بۆ سه‌ر ناوچه‌كانیان له‌ 16 ئوكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو, بۆیه‌ داوای یاسایی دژ به‌و حزبه‌ تۆمارده‌كه‌ین:
موزاحم حوێت، وته‌بێژی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان له‌ لێدوانێكی میدیایی رایگه‌یاندووه‌ “له‌سه‌ر له‌ده‌ستدانی 400 كه‌س له‌ رۆڵه‌ی عه‌شیره‌ته‌كانیان له‌ پارێزگای كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، سكاڵای یاسایی له‌ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان و دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر یه‌كێتی تۆمار ده‌كه‌ن”.

وته‌بێژی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان گوتیشی: “به‌هۆی خیانه‌تی یه‌كێتی و راده‌ستكردنی ناوچه‌كانمان به‌ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ 16ی ئوكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌پرسیارێتی گیانی ئه‌و 400 كه‌سه‌ی له‌ئه‌ستۆیه‌، كه‌ له‌و هێرش و ‌رووداوانه‌دا له‌ده‌ستمان داون”.

وته‌بێژی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كان دووپاتیكرده‌وه‌، “پێویسته‌ یه‌كێتی چاره‌نووسی ئه‌و 400 كه‌سه‌ ئاشكرا بكات، كه‌ گومان ده‌كرێت له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شده‌وه‌ كوژرابن”.

ئه‌م لێدوانه‌ی حوێت وه‌ڵامێكیش بوو، بۆ لێدوانێكی رێزان شێخ دلێر، په‌رله‌مانتاری پێشووی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ میدیا عێراقییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه و له‌باره‌ی رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر و هێرشی حه‌شد رایگه‌یاندووه‌، “ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركووك روویدا خیانه‌ت نه‌بوو، به‌ڵكو سه‌پاندنی یاسا و كۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵ بوو له‌سه‌ر ئه‌و شاره‌”.

حوێت رووی قسه‌كانی له‌ رێزان شێخ دلێر كردو و داوای لێ كرد، “له‌جیاتی ئه‌وه‌ی لێره‌ و له‌وێ تۆمه‌ت بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ هه‌ڵبه‌ستیت، وه‌ڵامی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كان بده‌ره‌وه‌ و چاره‌نووسی رۆڵه‌كانمان ئاشكرا بكه‌ كه‌ له رووداوه‌كانی‌ 16 ئوكتۆبه‌ر دیارنه‌ماون”.

موزاحیم حوێت ئاشكراشیكرد، “ده‌یان پارێزه‌ری عه‌ره‌ب كه‌ ژماره‌یه‌كیان له‌ هه‌رێمی كوردستانن و هه‌ندێكیشیان له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمن، ئاماده‌یی خۆیان بۆ به‌شداریكردن له‌و كه‌یسه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خشانه‌ له‌ دادگاكانی هه‌رێم و دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نیشانداوه‌”.

Back to top button