سوپای پاسداران و حه‌شدی شه‌عبی: له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ فڕۆكه‌ی چاودێری ده‌نێرێته‌ سه‌ر قه‌ڵای دیموكرات

 

دوای ئه‌وه‌ی قه‌ڵای دیموكرات له‌ لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه‌ بۆمبارانكرا كه‌ بووه‌ هۆی شه‌هید بوونی ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌و كادری باڵای دیموكرات, ئه‌ندامێكی ده‌فته‌ری سیاسی حزبی دیموكرات ده‌لێت:” له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ فڕۆكه‌ی چاودێری ده‌نێرێته‌ سه‌ر قه‌ڵای دیموكرات”.
كه‌مال كه‌ریمی ئه‌ندامی ده‌فته‌ی سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان، رایگه‌یاند، زانیاریمان ده‌ستكه‌وتووه‌، ئه‌و فڕۆكانه‌ی رۆژی مووشه‌كبارانه‌كه‌ به‌ ئاسمانی باره‌گاكانی دیموكرات سووڕاونه‌ته‌وه‌ و زانیاریان كۆكردووه‌ته‌وه‌، له‌ شاری كه‌ركووكه‌وه‌ ئاراسته‌ كرابوون.

رۆژی 8ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2018، باره‌گای سه‌ره‌كی دیموكراته‌كان له‌ شاری كۆیه‌ رووبه‌ڕووی بۆردومانێكی مووشه‌كی بوویه‌وه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ 16 پێشمه‌رگه‌ و كادیری هه‌ردوو حزبی دیموكرات شه‌هید بوون.

ئه‌مڕۆ له‌ باره‌گای سه‌ره‌كی دیموكراته‌كان، مه‌راسیمێك به‌ بۆنه‌ی چله‌ی ئه‌و رووداوه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا پیشانگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ پارچه‌ی مووشه‌ك و كه‌لوپه‌لی پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌كان كرایه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ره‌سمی سوپای پاسداران، ئه‌و مووشه‌كانه‌ی ئاراسته‌ی باره‌گاكان كرابوون، مووشه‌كی جۆری فاتح بوون كه‌ تا مه‌ودای 220 كیلۆمه‌تر ئامانج ده‌پێكن.

هه‌روه‌ها كه‌مال كه‌ریمی ئاشكراشیكرد، شاره‌زایان رایانگه‌یاندووه‌، سێ له‌ مووشه‌كه‌كان زیره‌ك بوونه‌، هه‌مان جۆری ئه‌و موشه‌كانه‌ بوونه‌ كه‌ ئێران له‌ ئاوی كه‌نداو دایناوون.

كه‌مال كه‌ریمی ئه‌وه‌شی گوت: زانیاریان له‌به‌رده‌سته‌ كه‌ سه‌ردار باقری له‌ ناوچه‌ی جه‌دیده‌ی سنووری كه‌ركووك، سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌كه‌ی كردووه‌ و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی چاودێری له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ هه‌ڵفڕیون.

Back to top button