فۆكس نیوز: حەشدی شەعبی بە فرمانی ئێران لە كەركووك و خانەقین و شنگاڵ سیاسەتەكانی سەدام جێبەجێدەكەن

 

راپۆرتەكانی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و لێكۆڵینەوەی رۆژنامە جیھانیەكان ئاماژە بە پرۆسەیەكی سەیر دەكەن لەو ناوچانەی كە بە پێی دەستووری عیراقی فیدراڵ لە مادەی ١٤٠ ناوچەی كێشە لە سەرن و دوای ١٦ ی ئۆكتۆبەر بە ھەماھەنگی ھێزێكی سیاسی كوردستان فرۆشران و داگیركراون، بە تەواوەتی لە ژێر ھەژموون و كۆنترۆڵی ھێزەكانی حەشدی شەعبی و یەكەیەكی ھەواڵگری تایبەتی سوپای قودسی ئێرانە، ئاژانسی FOX NEWS ی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكدا زانیاری ئەوەی خستووەتە روو كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە ژێر چاودێری سوپای قودس لە شەنگال و تەلەعفەر، خانەقین و جەلەولا ، كەركوك و دوزخورماتو زۆر شوێنی دیكەی ناوچەی ١٤٠ ی كوردستان لە پارێزگاكانی كەركوك و سەلاحەدین و دیالە، هیچ نموونەیەكی باشیان پیشان نەداوە لە نیەت پاكی و ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاساییش و ئارامی نیشان نەداوە بەرامبەر كورد وئەو سوننانەی دانیشتووی ھەرێمی كوردستانن بگرە ڕۆڵیان ھەبووە لە تێكدانی دیمۆگرافیا و دووبارە كردنەوەی سیاسەتەكانی رژێمی پێشووی سەدام حسین . بە پێچەوانەشەوە لەبەرئەوەی بەپێی پێكهاتەی جیاواز و ناكۆكی میلیشایی حەشدی شەعبی هەمیشە شەڕ و ئاژاوە لەو هێزەوە چاوەڕوان دەكرێت، زۆر گرنگە هەوڵبدرێت شەڕی داهاتووی حەشدی شەعبی نەخرێتە دەرەوەی ئەو سنورانەی كۆنترۆڵی كردوون چونكە دەرئەنجامەكانی یەكجار مەترسیدار دەبن بە تایبەت لە قۆناغەكانی توند كردنی فشارە ئابووری و بازرگانیەكانی سەر كۆماری ئیسلامی ئێران .

بەپێی قسەی سەركردەیەكی دیاری حەشدی شەعبی، ئەو هێزە لە 45 گرووپ پێكدێت كە جیاوازی مەزھەبی و نەتەوەیی و ئاینشیان تێدایە، بەڵام بەگوێرەی قسەی نووری مالیكی، و مەھدی مھندس كە بناخەداڕێژەری حەشدی شەعبین، ئێستا 180 گرووپی بچووكی چەكداری جیاواز بوونیان ھەیە ئەوانیشلە ژێر چەتری ھەیەی حەشدی شەعبی ڕێكخراون.

هێزێكی میلیشایی فرە ڕەھەند كە لە 180 گرووپ پێكهاتبێت ھەندیكیشیان لە لیستی رەش و لیستی تیرۆری نێودەوڵەتی بن بەهیچ شێوەیەك كۆنترۆڵ ناكرێت، هیچ حكومەتێكی گەورەش ناتوانێ هەموو رۆژ وەڵامی تاوانەكانی بەرپرس و گرووپە جیاوازەكانی بداتەوە كارو چالاكیەكانیان سنووردار بكرێت.

لە دوا ھەژماری رۆژنامەی FOREIGN POLICY دا ڕاپۆرتێكی گرنگ بڵاو بووەتەوە ئاماژە بە مەترسیەكی تری ئەم میلیشیایە دەكات كە بەشێكیان لە لسیتی رەشی تیروری ئەمریكا و جیھانن و خۆیان لە ژیر چەتری ئەم رێكخراوە سەربازییە زەبەلاحە حەشار داوە، ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە ئاماژە دەكات بەوەی چەكدارانی پێشوی داعش كە دانیشتووی پاریزگا سووننە نشینە رزگار بووەكانن بەهۆی بێكاری و بێدەرەتانی و ساخبوونەی تاوانەكانی رابردووی دوو ساڵی حوكمی داعش لە عێراق بە شێوەیەكی سیستەماتێك ڕێكدەخرێن و كار دەكرێت بۆ وەرگرتنیان لە ریزەكانی حەشدی شەعبی بەشێكیشیان بە ھۆی پێگەی كۆمەڵایەتیان پلەشیان پێ دەدرێت، لەبەرامبەردا گروپەكانی حەشدیش بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیان له ناوچه جێناكۆكیەكان و ئەو شارانەی زۆرینەی كورد و عەرەبی سونەن چاوپۆشی دەكەن لەم داعشانه له كاتێكدا ھاوكات بێباكانە دەیان هەزار كۆنە داعش و جیھادی عەرەبی سونەیان لای خۆیان چەكداركردووه و لە ژێر لۆگۆ ئاڵایەكی حەشد ڕێكخراون و دەزگای وەرگرتن و دامەزراندن لە حەشدی شەعبی سیستەماتیك توانیویانە ببنە جێگرەوەی حكومەت لە دامەزراندن و چەكداركردن و دابین كردنی داھات بۆ ھەزاران چەكداری مەترسیدار .

ھاوكات -ئەبو مەھدی مھندس- كە یەكێك لە ئەندازیان و باوكی رۆحی حەشد ھەژمار دەكرێت لە چاوپێكەوتێكی لەگەڵ ئاژانسی SKY PRESS نیوز ئاماژە دەكات بەوەی كە عێراق خۆی لە ئاڵۆزیدا دەژیا، بە دروستبوونی حەشدی شەعبی ئاڵۆزیی عێراق لە زۆر كەمتر بووە بەڵام راستیەكە ئەوەیە ئێستا پێكھاتەی ئورگانی سەربازی حەشدی شەعبی كێشەی گەورەیی رێكخراوەیی و دارایی ھەیە ، ئەوەش زیاتر دوای شەڕی داعش دەردەكەوێت چاوەرێ دەكرێت چارەسەر بكرێ لەگەڵ دروستبوونی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.

چاودێرێكی ڕەوشی سیاسی و دەستوری عێراقیش دەڵێیت ئەوەی پێویستە ئەوەیە، ئەوەندەی دەكرێت كورد خۆی لە دوو شت دووربگرێت: یەكەم، دوورگرتنی شەڕیكی داھاتووی حەشدی شەعبی لە سەر ناوچەكانی مادەی ١٤٠ ی دەستوری چونكە دەیانەوێ بە دروستكردنی دوژمنێكی دیكە لە دوای داعش و داگیركردنی پاریزگای كەركوك و خانەقین و شەنگال، بۆ بەردەوامی و شەرعیەت دان بە مانەوەی ئەم میلیشیا مەترسیدارە شەڕی و كێشە ناوخۆیەكانی خۆیان دوابخەن و لێپرسراوێتیەكەی بخەنە ئەستۆی حكومەتی داھاتوو. دووەم، گرنگە ھەرێمی كوردستان بە دوور بێت لە بەشدارینەكردن لەشەڕی میدیایی و سیاسی ئەمریكا و وڵاتانی دیكە لە دژی حەشدی شەعبیدا ، چونكە بەشێكی چەكی ئەمریكا و راوێژكار و پشتیوانییە ئاسمانییەكەی ئەمریكا لە عێراق لە ژێر كۆنترۆڵی حەشدی شەعبی دا دەجولێیت، ئەمەش وای كردووە كە ئێستا وەك مەترسییەكی هەرێمی و نێودەوڵەتی تەماشا بكرێت، ئەم ھەرشەیەی حەشدی شەعبیش دەبێتە سەرچاوەیەكی دیكەی نەبڕانەوەی شەڕی تایفی و پەرەسەندنی زیاتری بۆ جەنگێكی ناوخۆیی و نەتەوەیی. لەبەرئەوەش كۆنترۆڵكردنی ئەو مەترسییە گەورەیە ئەركی كورد نییە و نابێ كورد خۆی بداتە بەر ئەو ئەركە، بەڵكو ئەركی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان و حكومەتی عێراقە .

ھاوكات بەر لە دوو ساڵ پێشبینی ئەوە دەكرا كە حەشدی شەعبی سنوورەكانی باشووری كوردستان گڕبدات بە بەكارهێنان و چەكداركردنی كەمینەكان، بەڵام رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ وێنە و جیوسیاسی و سەربازییەكەی گۆڕی، نەتوانرا رێگە لەو پلانەی حەشدی شەعبی بگیرێت، یاخود بەتەواوی رێگەی لێنەگیرا چونكە رێكەوتنی ژێر بە ژێر نەخشە سیاسی و ئابوری و سەبازییەكەی تەواو پێچەوانە كردەوە، ئێستاش ئەوە گرنگە كە مەترسی و فیتنەی حەشدی شەعبی بەچەكداركردنی كەمینەكان بە ئارامی چارەسەر بكرێت، چارەسەرێكی دەستووریانە بۆ ئەو گرووپە چەكدارانە دابنرێت كە بوونە مەترسیەكی ھەمیشەیی لە ھێرشەكانی داھاتوویان بۆ نێو خاكی كوردستان.

سەرچاوەكان /
رۆژنامەی SKY PRESS
رۆژنامەی FOREIGN POLICY
ئاژانسی ھەواڵی FOX NEWS

Back to top button