كۆمپانیا بیانیەكان دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان
دوای ئەوەی بە هۆی شەڕی داعش و دروست بوونی نائارامی لە ناوچەكەدا كۆمپانیا بیانیەكانی بواری بەرهەم هێنان كوردستانیان بەجێ هێشت دوای ئازادكردن و پاككردنەوەی سنورەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن پێشمەرگە, ژمارەیەك وڵاتی ئەورووپایی و جیھانی كۆمپانیاكانیان ڕەوانەی ھەرێمی كوردستان دەكەنەوە و بەرپرسێكی بازرگانیی ھەرێمی كوردستانیش پێی وایە بە ھاتنی كۆمپانیا بیانییەكان ھەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی دیكەی ئاوەدانی و گەشەكردنی ئابوورییەوە.
سەرۆكی لقی ھەولێری یەكێتی ھاوردە و ھەناردەكارانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد: “لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی ئەمنی لە عێراق و نەمانی مەترسی لەسەر ھەرێمی كوردستان ژمارەیەك كۆمپانیای بیانی سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە و ئامادەییان پێشان داوە لە ھەردوو كەرتی وەبەرھێنان و بازرگانیی ھەرێمی كوردستاندا كار بكەن، بەتایبەتی ژمارەیەك وڵاتی ئەورووپایی لە ماوەكانی ڕابردوودا ئەوەیان پێ ڕاگەیاندین كار بۆ ھێنانی كۆمپانیای بازرگانیی وڵاتەكانیان دەكەن بۆ ئەوەی بێن لە ھەرێمی كوردستان كار بكەن.”
ھەرێمی كوردستان لە ڕووی ئەمنییەوە جیاوازییەكی زۆری لەگەل ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ھەیە و ساڵانی ڕابردوو چەندین گەورەكۆمپانیای بیانی بۆ وەبەرھێنان و بازرگانی ڕوویان لە ھەرێمی كوردستان كردووە، گەیلان حاجی سەعید، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “ھەریەك لە وڵاتی ھەنگاریا و پۆڵونیا و چەندین وڵاتی دیكەی ئەورووپایی و جیھانی لە ماوەكانی داھاتوودا كۆمپانیاكانیان ڕەوانەی ھەرێمی كوردستان دەكەن تا بتوانن ڕۆڵیان ھەبێت لە ئاوەدانكردنەوە و بەرەوپێشبردنی كەرتی بازرگانی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان، ئەمەش ھەنگاوێكی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و باشتركردنی ئابووریی ھەرێمی كوردستان.”
لەگەڵ ھاتنی شەڕی داعش ژمارەیەك كۆمپانیای بیانی بەرەو وڵاتەكانیان گەڕانەوە، بەڵام دوای سەركەوتنی ھێزی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعشدا ئێستا خەریكە ڕەوشەكە ئاسایی دەبێتەوە و بەشێكی زۆری كۆمپانیاكانیش گەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان. گەیلان حاجی سەعید دەڵێت: “بەداخەوە شەڕی داعش و ناسەقامگیریی ڕەوشی سیاسی و ناوچەكە و عێراق كاریگەریی لەسەر پاشەكشەی كۆمپانیا بیانییەكان ھەبووە لە ھەرێمی كوردستان، بەڵام كە نوێنەری وڵاتان و كۆمپانیاكان سەردانی ھەرێمی كوردستانیان دەكەن زۆر ڕاستییان بۆ دەردەكەوێت، لەبەر ئەوەش پێشبینیی ھاتنی كۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی بیانی دەكەین.”