دوو كوردی دیكەی ئێزیدی لە دەستی داعش رزگار كران

 

دوای ئەوەی ژمارەیەك هاوڵاتی كوردی ئێزیدی كەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعش, بە فەرمانی حكومەتی هەرێم نوسینگەیەكی تایبەت بە رزگار كردنی كوردانی ئێزیدی پێكهێنرا كە توانیویانە تا ئێستا بە هەزاران كەس لە دەستی داعش رزگاربكرێت, لە دواهەمین چالاكیان بەرپڕسی نووسینگەی رزگاركردنی ڕفێنڕاوانی كوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆك ڕایگەیاند، نووسینگەكەیان توانیویەتی دوو كەسی دیكەی كوردی ئێزدی لە چنگ تیرۆریستانی داعش ڕزگار بكەن.

حوسێن قائیدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە، توانیویانە دوو كەسی تری كوردی ئێزدی لە دەست داعش ڕزگار بكەن، كە ماوەی چوار ساڵ بوو لە دەست ئەو ڕێكخڕاوە تیرۆرستییەدا بوون.

قائیدی گوتیشی: “كچەكە كە ناوی نوورایە، خەڵكی گوندی دووگرێی سەر بە شارۆچكەی شنگالە و لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـدا كاتێك داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت، ڕفێندرابوو و گەنجەكەش ناوی (ئـ، س، م) تەمەن ١٨ ساڵی خەڵكی گوندی كۆچۆیە”.

بە گوتەی ئەو، دوایین ئاماری رزگاركراوەكان لە مانگی ٨ـی ساڵی ٢٠١٤ـوە تا ئێستا، ٣٢٢٢ كەسن لە كۆی ٦٧١٤ كەسی رفێندراو.

دەشڵێت: “لە داهاتوویەكی نزیكدا كەسانی دیكەیش رزگار دەكەین و نووسینگەیشمان لە هەوڵدان بەردەوام دەبێت تا یەك كەس لە دەست داعشدا مابێت”.

Back to top button