داهاتی سلێمانی دیار نییه‌ چه‌نده‌ و چۆن كۆده‌كرێته‌وه‌و چی لێ ده‌كرێت

له‌ ماوه‌كانی ڕابردوودا داهاتی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی كێشه‌ی له ‌ناو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌و به‌ تایبه‌ت فراكسیۆنی گۆران و یه‌كێتی دروستكردبوو، به‌ جۆرێك‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی گۆڕان داهاتی پارێزگای سلێمانی به‌ ناشه‌فاف ده‌زانن و چه‌ند جارێك داوای دروستكردنی لیژنه‌یه‌كیان كردووه‌ بۆ روونكردنه‌وه‌ی داهاتی سلێمانی، به‌ پێی زانیارییه‌كان داهاتی مانگانەی پارێزگای سلێمانی بەبێ‌ داهاتی گومرگ و بەرهەمەكانی نەوتی و گواستنەوەی نەوت بە تانكەر، ٤۰ ملیۆن دۆلار داهاتی مانگانه‌ دیار نییه‌.، داهاتی پارێزگای سلێمانی یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ كان و تا ئێستا نازانرێت داهاتی پارێزگا و خاڵە سنوورییەكان چەندە و چۆن كۆ دەكرێتەوە و چی لێ دەكرێت.
د. غالب محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: “ھەموو ھەرێمی کوردستان ٥٧ بلۆک نەوتی ھەیە، لەو ٥٧ بلۆکەدا، ٢٧ بلۆکی دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە، ئێستەش چەند بلۆکێکی نەوت بەرھەمی زیادی کردووە، بۆ نمونە یەکێک لەو بلۆکانە هی گوندی حەسیرە لە دەڤەری گەرمیان، پێشتر ئەو بلۆکە ٩ ھەزار بەرمیل نەوتی بەرھەم دەھێنا، بەڵام ئێستە ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت، كەچی بەھۆکاری ئەوەی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی باڵادەستە، داھاتی ئەو نەوتە دەچێتە خزمەتی بنەماڵەی تاڵەبانی”.
ئەندامه‌كه‌ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ فراكسیۆنی گۆڕان ڕاشیگه‌یاند: “ئێمە کۆمپانیای دانا غازمان ھەیە کە چەندین جۆر غاز بەرھەم دەھێنێت، بەتایبەتی غازی وشک و شل، بەڵام ئەو کۆمپانیایە لە ژێر ھەیمەنەی یەکێتیدایە، چونکە کۆمپانیاکانی یەکێتی کاری تێدا دەکەن، ھەرچەندە ئەو غازە دەنێرن بۆ تەوریدی کارەبا، بەڵام پارێزگای سلێمانی کارەبای نیە، داھاتی نەوت بۆ پارێزگای سلێمانی خەرج ناکرێ، بەڵکو دەچێتە ژێر ڕکێفی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی”.
د. غالب محه‌مه‌د ده‌شڵێت: “یەکەمین گرێبەستی نەوت ساڵی ٢٠٠٢ لە ھەرێمی کوردستان لە تەقتەق لەلایەن بەرھەم ساڵحەوە ئیمزا کراوە، بەڵام چەندین ساڵە داھاتی ئەو نەوتە نادیارە”.
غالب محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ فراكسیۆنی گۆران گوتیشی :” ئەگەر داھاتی نەوتی سلێمانی لەژێر ڕکێفی بنەماڵەی تاڵەبانیدا نەبێ و لە دەستێکی ئەمیندا بێت، دەتوانن بەداھاتی نەوتی سلێمانی، موچەی فەرمانبەران بدەن و نەوتی سپی بۆ خەڵک دابین بکەن و شارەكە ببووژێننەوە، بەڵام تاوەکو داھاتی نەوت لە خزمەتی بنەماڵەی تاڵەبانیدا بێت، ناتوانن خزمەتی خەڵکی بکەن”.
Back to top button