ئاژانسێكی جیهانی: پەكەكە لە سنوری شنگاڵ چوونەتە ریزەكانی حەشدی شعبی و مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە
لەگەل ئەوەی پێشوتر ماڵپەڕی خواكوڕك زانیاری وردی لە بارەی پەیوەندی پەكەكە لە نوچە داگیركراوەكان بە حەشدی شەعبی بڵاوكردەوە, ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی هەواڵی (سپۆتنیك)ی رووسی لە بەدواداچوونێكدا ئاشكرای كرد كە ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی پەكەكە لە عێراق چوونەتە نێو میلیشیاكانی حەشدی شەعبیەوە و داوایەكی حكوومەتی عێراقیشیان رەت كردووەتەوە لەوەی بچنە نێو سوپاوە.
(سپۆتنیك) بڵاوی كردەوە كە لەنێو ئەو چەكدارانەی پەكەكە لە سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا، ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی پەكەكەی ئێزیدی چوونەتە فەوجی “ئەلنەسرول موبین”ی حەشدی شەعبیەوە، بەتایبەتیش چەكدارە ژنەكانی پەكەكە.
لەمبارەیەوە ئاژانسە رووسیەكە لە زاری سەعید حسێن فەرماندەی فەوجی (ئەلنەسرول موبین)ی حەشدی شەعبی گواستووەتەوە كە تەنها بەم دواییە پێشوازیان لە 100 چەكداری پەكەكە كردووە، كە سەر بەهێزی (بەرخۆدانی شنگال)ی پەكەكە بوون و ژمارەیەكیشیان ژنن.
حسێن ئەوەشی گوتووە كە حەشدی شەعبی فەوجی (ئەلنەسرول موبین)ی تایبەت بەچەكدارانی پەكەكەی ئێزیدی كردووەتەوە لە شنگال. ئێستەش قەبارەی فەوجەكە گەورەتر بووە و 330 چەكداری ئێزیدی لەخۆ گرتووە.
بەپێی ئاژانسەكە، حكوومەتی عێراق چەكدارەكانی پەكەكەی سەرپشك كردووە بۆ ئەوەی لەنێو حەشدی شەعبی بمێننەوە یان بچنە نێو سوپای عێراقەوە. بەڵام فەرماندەكەی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە كە ئەم چەكدارانەی پەكەكە پێیان خۆش بووە لەنێو حەشدی شەعبیدا بمێننەوە.
لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری تاقمێكی یەكێتی لە كەركووك، لە سنووری شنگالیشەوە كۆمەڵە چەكدارەكانی پەكەكە دەستیان لەگەڵ حەشدی شەعبی تێكەڵ كرد و لە ناوچەكە جێگیر بوون.