ڕاگەیێندراوێک لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە

دوای ئەوەی ساڵێک بەسەر سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە داستانی پردێ و سحێلا تێدەپەڕێت، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە ئاماژە بەوە دەدات کە پیلانەکە لە خیانەتە گەورەکەی ١٦ـی ئۆکتۆبەر دەستی پێکردبوو کە پشتی پێشمەرگەیان بەردا و کەرکووکی دڵی کوردستانیان بە نرخێکی هەرزان فرۆش

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیندراوەکە هاتووە:” ٢٠ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە خەباتی میللەتەکەماندا و لەو ڕۆژەدا مێژوویەکی پڕ لە شانازی تۆمار کرا. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان ئەو ڕۆژە مێژووییە بە ڕۆژێکی پڕشنگداری پێشمەرگە و کوردستان دەزانێت و یادی بەرز دەنرخێنێت.

دەقی ڕاگەیێندراوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە

جەماوەری خۆڕاگر و ئازادیخوازی کوردستان

خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان

پێشمەرگە قارەمانەکانی نەتەوە و نیشتمان

لە ڕۆژێکی وەک ئیمڕۆ لە ٢٠ـی ١٠ـی ٢٠١٧ـدا گەلی کوردستان لە داستانێکی مەزنی پڕ لە قارەمانیدا بەرەنگاری هێرش و پیلانی ناحەزانی ناوەوە و دەرەوە بووەوە. ئەو پیلانە لە خیانەتە گەورەکەی ١٦ـی ئۆکتۆبەر دەستی پێکردبوو کە پشتی پێشمەرگەیان بەردا و کەرکووکی دڵی کوردستانیان بە نرخێکی هەرزان فرۆشت. ئەو خیانەتە وایکرد نەیارانی گەلەکەمان، هەرێمی کوردستان بە پاروویەکی ئاسان بزانن و ویستیان داگیری بکەن. بۆیە ڕوویان کردە هەولێری پایتەخت، بەڵام لە بەرگرییە پڕ لە قارەمانیەکەی پردێدا پێشمەرگە پەلامارەکەی نەیار و داگیرکارانی تێکشکاند و مەبەستی گڵاوی ئەوانی لەگۆڕنا.

بە هەمان شێوەش لە سحێلای بەرخودان و مەردایەتی و لە مەخموور و بەرەکانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە، پێشمەرگە پشت بە خودا و خۆڕاگر و نیشتمانپەروەرانی گەل، پیلانی نەیارانی بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان تێکشکاند و کوردستان بە سەربەرزی مایەوە.

ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەرانی کوردستان

٢٠ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە خەباتی میللەتەکەماندا و لەو ڕۆژەدا مێژوویەکی پڕ لە شانازی تۆمار کرا. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان ئەو ڕۆژە مێژووییە بە ڕۆژێکی پڕشنگداری پێشمەرگە و کوردستان دەزانێت و یادی بەرز دەنرخێنێت.

ئەو سەرکەوتنەی پێشمەرگە بۆ هەموو لایکی سەلماند کە گەلی کوردستان خاوەن دۆزێکی ڕەوایە و ئامادەیە هەتا دوایین دڵۆپی خوێن بەرگری لە خاک و کەرامەتی نیشتمان بکات. ئەو سەرکەوتنە مەزنە بە خوێنی ئاڵی دەیان شەهید هاتە ئاراوە. هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و سوپاس و پێزانین بۆ ئەو پێشمەرگە و فەرماندە قارەمانانە کە ڕۆڵیان هەبووە لە تۆمار کردنی ئەو سەرکەوتنە مەزنە کە تا هەتایە لە بیرەوەری میللەتەکەماندا دەمێنێتەوە و بە بەرزی یاد دەکرێتەوە.

هەر شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان

فەرماندەیی ژووری ئوپەراسیۆنەکانی پێشمەرگەی کوردستان

20ـی 10ـی 2018

Back to top button