یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك هه‌ره‌س ده‌هێنێت و كادیران وازده‌هێنن

به‌شێكى به‌رچاو له‌ ئه‌ندامان و كادیره‌كانى یه‌كێتی له‌ كه‌ركووك له‌سه‌ر ئاستی گشت كۆمیته‌كان و مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووك ده‌ستبه‌دارى حزبه‌كه‌یان بوونه‌، ئه‌وانه‌ى كه‌ وازیان له‌ یه‌كێتی هێناوه‌ به‌شی زۆریان ئه‌ندامى ئه‌و حزبه‌ بوونه‌ و هه‌روه‌ها ده‌نگده‌رى یه‌كێتی بوونه‌، به‌شێكى دیكه‌یان كادیری یه‌كێتی بوونه‌ له‌ ئاستی ئه‌ندام كه‌رت به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ی تێدایه‌ و هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ یه‌كێتی ئێستا له‌ كه‌ركووك بێ ده‌سه‌ڵاته‌ و هه‌ر به‌هۆی خیانه‌تى گرووپێكى ناو یه‌كێتییه‌وە خه‌ڵكى كه‌ركووك و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى ئه‌و حزبه‌ له‌ یه‌كێتی به‌ته‌واوه‌تى تۆراون.

سه‌رچاوه‌یه‌كی یه‌كێتی له‌ نێو مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت به‌ ” خواكوڕك”ـی ڕاگه‌یاند:” به‌ئاشكرا له‌ناو باره‌گاكانى یه‌كێتی له‌لایه‌ن كادیره‌كانیانه‌وه‌ ره‌خنه‌ له‌ به‌رپرسانى حزبه‌كه‌یان گیراوه‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌زانێت كه‌ گرووپێكى ناو یه‌كێتی ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌یان هێناوه‌ته‌ سه‌ر خه‌ڵك، له‌به‌ر به‌ژه‌وه‌ندى و دزینی نه‌وت، به‌ڵام به‌توندى له‌لایه‌ن به‌رپرسانى یه‌كێتییه‌وه‌ وه‌ڵام دراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها یه‌كێتی له‌ كه‌ركووك خۆی گیرۆدەى چه‌ندین كێشه‌ی جۆراوجۆرى دیكه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌، له‌ ئۆرگانه‌ حزبییه‌كانیاندا ساڵانێكه‌ گۆڕانكارییان نەکردووە‌، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ كادیره‌كانى یه‌كێتیی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌”.

لای خۆیه‌وه‌ سیروان زه‌نگه‌نه‌، ئه‌ندامى رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كانى یه‌كێتی له‌ كه‌ركووك، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكنوسیویه‌تی و ده‌ڵێت:” له‌ لایه‌ن مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كانى یه‌كێتییه‌وه‌ بڕیارم بۆ ده‌رچووە وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری ناوه‌ندى رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كان له‌ كه‌ركووك ده‌ستبه‌كار ببم و به‌نده‌ش وه‌ك كادیرێكى یه‌كێتی پرسم به‌ لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووك كرد، ئه‌ویش داواى به‌ڵگه‌ى لێم كرد، منیش سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌كانم پێ دا، كه‌ مه‌كته‌بی رێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كانى یه‌كێتی ڕه‌زامه‌ندییان له‌سه‌رم داوه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ له‌ كه‌ركووك، پاشان هه‌ڵبژاردنمان ئه‌نجام دا و له‌ كۆی 41 كه‌س ده‌نگى پێویستم به‌ده‌ست هێنا بۆ ئه‌و پۆسته‌، به‌ڵام به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووك، بێ ئه‌وه‌ى حیساب بۆ هه‌ڵبژاردنم بۆ ئه‌و پۆسته‌ بكات، تاكلایه‌نانه‌ كه‌سێكى دیكه‌ى بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌ستنیشان كرد”.

ئه‌ندامی ڕێكخراوه‌ دیموكراتییه‌كانی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك، ده‌شڵێت :” منیش ئه‌و دیكتاتۆر و ناعه‌داله‌تییه‌ى به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووكم پێ قبوڵ ناكرێ و ئێستاش ده‌ستم له‌ ریزه‌كانى یه‌كێتی كێشاوه‌ته‌وه‌ و هه‌زار حه‌یف و مه‌خابن بۆ هه‌موو ئه‌و ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ند و كارگێڕ مه‌ڵبه‌نده‌كان و جێگرانى به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ند، كه‌ هیچ هه‌ڵوێستێكیان نه‌بوو له‌به‌رامبه‌ر به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ند بۆ ئه‌و ناعه‌داله‌تی و دیكتاتۆرییه‌ى كه‌ نواندی، ئه‌مه‌ش زه‌نگێكى خه‌ته‌رناكه‌ بۆ داهاتووى یه‌كێتی، كه‌ به‌ ئاقاری دیكتاتۆرییه‌ت و نادیموكراتیدا ده‌بات”.

Back to top button