خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر خوێندنی كوردی له كه‌ركوك په‌كده‌خات
شه‌ش قوتابخانه‌ی خوێندنی كوردی له داقوق داده‌خرێن، له‌به‌ر ناسه‌قامگیری بارودۆخی ئه‌منییه‌وه كه به هۆی خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر هێزه‌كانی میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی و هێزه ئێرانییه‌كان ئاسایش و سه‌قامیگری ئیداره‌ی كه‌ركوكیان تێكداوه‌و به‌وهۆیه‌شه‌وه خوێندكاران و مامۆستایان به‌سه‌ر قوتابخانه‌كانی تردا دابه‌شده‌كرێن.
ئه‌و قوتابخانانه‌ی خوێندن تیایاندا هه‌ڵپه‌سێردراوه، ده‌كه‌ونه گونده‌كانی كاكه‌یی نشین له هه‌فته‌غار و ناوچه‌كانی تری قه‌زای داقوق، كه له چه‌ند مانگی رابردوو خه‌ڵكه‌كه‌ی روبه‌ڕوی چه‌ندین هێرشی چه‌كداری، كوشتن، رفاندن و ئاواره‌یی بونه‌وه كه میلیشاكانی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌نجامیان دابوو.
مو‌سا حه‌سه‌ن، سه‌رپه‌رشتیاریی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی رێكخستنی خوێندنگه كوردییه‌كانی داقوق ڕایگه‌یاند: “دوای خراپی بارودۆخی ئەمنی ناوچەكانی كاكەیی سنوری هەفتەغار و ئاواره‌بونی ژماره‌یه‌ك زۆر له دانیشتوانه‌كه‌ی، مامۆستایان و خوێندكاران نەیانتوانی دەوامی ئاسایی بكه‌ن و زۆرجار لەسەر رێگای گونده‌كان و قوتابخانەكان تەقینەوه رویده‌دا”.
ناوچەى هەفتەغار كه ماوه‌ی ساڵێكه هێرش و توندوتیژی تیایدا به‌رده‌وامی هه‌یه، له سێ گوند پێكدێت و دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن به ۱۵ هه‌زار كه‌س مهزندهدهكرێن ، حه‌مید ئه‌حمه‌د، به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی هیوا له گوندی فه‌ریق له ناوچه‌ی هه‌فته‌غار گووتی: “دۆخی ئه‌منی گونده‌كه زۆر خراپه و ژیانی ئاسایی تیا نه‌ماوه و ناوچه‌كه بۆته سه‌ربازی بۆیه ناچاربوین داوای هه‌ڵپه‌ساردنی خوێندن بكه‌ین”.
لای خۆیه‌وه جاندار شكور، به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی گوندی كۆبانێی كاكه‌یی له داقوق ده‌ڵێت:” له‌به‌ر دۆخی ئه‌منی خوێندنیان هه‌ڵپه‌ساردوه، چونكه له‌كاتی هاتوچۆی مامۆستایان‌دا له‌سه‌ر رێگا بۆمب ته‌قیوه‌ته‌وه و ژیانیان له مه‌ترسیدا بووه، جگه له‌وه‌ی تێپه‌ڕین به چه‌ندین بازگه‌ی ئه‌منیدا وایكردوه رۆژانه بۆ ده‌وام دوابكه‌ون”.
هه‌روه‌ها سامان ئیبراهیم، به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی زه‌نقر له گوندی زهنقری كاكه‌یی نشین دژی بڕیاری هه‌ڵپه‌ساردنی خوێندن بووه له خوێندنگه‌كه‌یدا، چونكه به‌بڕوای ئه‌و هه‌نگاوێكه مه‌ترسی زیاتر ده‌كات له‌سه‌ر قوتابیان، به‌وپێیه‌ی خوێندنگه‌ی نزیك له گونده‌كه‌وه نیه.
قەزای داقوق (٤٤كم باشوری كه‌ركوك)، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به داعش و دوای خیانه‌تی ۱٦ی ئۆكتۆبه‌ری ۲۰۱۷دا،ڕیكه‌وتنی ژێر به ژێری باڵێكی خیانه‌تكاری ناویه‌كێتی كه‌ركوك و خانه‌قین و خورماتوو ڕاده‌ستی هێزه ئێرانییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی كرا .
لە دوای ۱٦ـی ئۆكتۆبەر هێزە عێراقییەكان بە بەرنامە كار بۆ بەعەرەبكردنی شارەكە و بێزاركردنی هاوڵاتیانی كورد بۆ بەجێهێشتنی شارەكەیان دەكەن، كە بە بیانووی جۆراو جۆر شەوان هێزە میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكان و پشكنین دەكەن، هەروەها دۆخی ئەمنیی شار تەواو خراپە و تەقینەوە و دزی و پیاوكوشتن بەردەوام لە فراوانبوونە، بە مەبەست هێزە سەربازییەكان نایانەوێت ئارامی بۆ كەركووكییەكان دابین بكەن، بۆئەوەی شارەكەیان بەرەو هەرێمی كوردستان بەجێ بهێڵن.