سەرکردەیەکی گۆڕان: لەکەرکووک وەک پردێ بەرگری کرابا، کەرکووک داگیر نەدەکرا

دوای ئەوەی بەهۆیی خیانەتی ۱٦ـی ئۆکتۆبەری گرووپێکی یەکێتی کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیرکرا، بەرپرسی ڕایەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند شەڕەکەی پردێ بەرگرییەکی باش بووە و ئەگەر بەرگری نەکرایە، سوپای عێراق ھەولێری دەگرت و ئەگەر پێشمەرگە ھاوشێوەی پردێ شەڕی بکردایە، کەرکووک نەدەگیرا و ١٦ی ئۆکتۆبەریش ڕووی نەدەدا.

شێخ کامیل نووری، بەرپرسی ڕایەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، زیاتر لە سێ ساڵ شەڕی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش کردووە، بەڵام کەس نەیزانی چۆن لە ماوەی ٢ كاتژمێردا ئەو ناوچانە دران بەدەستەوە، یان چۆن و بە چ شێوەیەک لەسەر فرۆشتنی ئەو ناوچانە ڕێک کەوتنیان کردووە، بەڵام دوای داگیرکردنی شاری کەرکووک، سوپای عێراق نزیکی پردێ بووەوە بۆ ئەوەی شاری ھەولێر بگرێت، بەڵام داگیرنەکردنی ھەولێر بۆ شەڕەکەی پردێ دەگەڕێتەوە و حکوومەتی عێراقیش پەتێکی دنیای دەرەوەی لەمل دایە بۆ ئەوەی سنووری خۆی نەبەزێنێت”.

ئەو سەرکردەیەی گۆڕان نەیشاردەوە کە شەڕەکەی پردێ بەرگرییەکی باش بوو، دەشڵێت: ”ئەگەر حکوومەتی عێراق شەڕەکەی پردێی بۆ تاقیکردنەوە بووبێ، یان بۆ ترساندنی کورد ھێزی ناردبێتە پردێ، ئەوا بەرگرییەکە بەرگرییەکی باش بووە و سوپای عێراقی وەستاند”.

ئاماژەی بەوەش دا: “فەرماندەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک بە پەنجەکانی دەستیان ئیشارەتیان دەکرد و دەیانگوت، ئێمە لێرەین و ئەگەر ئازان و پیاون با سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بێنە پێشەوە، بەڵام زۆر سەیرە ئەو چەکەی بە پێشمەرگە بوو، سوپای عێراقیش ھەمان چەکی پێ بوو، کەچی بەداخەوە ھیچ شەڕێک لە کەرکووک نەکرا“. گوتیشی: ”ئەگەر ھاوشێوەی پردێ، لە کەرکووک بەرگریی بکرایە، کەرکووک ڕادەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق نەدەکرا”.

شێخ کامیل نووری پێیوایە، ئەو شەڕەی لە پردێ کراوە، زۆر باشترە لەوەی پێشمەرگە ڕابکات و ئەو ھەموو چەک و تەقەمەنییانە بەجێ بھێڵیت، یان پێشمەرگە شەڕ بکات، بەڵام فەرماندە ڕێک کەوتبێ و بۆی دەرچووبێت، دەشپرسێت: ”ئەی ئێمە پێشمەرگەمان نەبینی کاتێک دەگریان و دەیانگوت بۆچی ئەم خاکە بەجێ دەھێڵن؟ ئێمە بە خوێنی خۆمان ئەم خاکەمان پاراستووە، بەڵام بەداخەوە فەرماندەکان ڕایان کرد و مێژووی کوردیان ناشیرین کرد”.

دووپاتیشی کردەوە، ئەگەر پێشمەرگە سێ کاتژمێر شەڕی بکردایە، ”ھەموو کورد پشتگیریی پێشمەرگەی دەکرد و لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا نەیاندەتوانی کەرکووک داگیر بکەن، لە هەمان کاتدا ئەگەر پێشمەرگە لە پردێ ڕای بکردایە، سوپای عێراق بە ئاسانی دەیتوانی ھەولێر داگیر بکات”.

ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەیان داگیر کرد، دواتر کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، نەجمەدین کەریم، شێخ جەعفەر، مەلا بەختیار و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە خیانەتیان لێ کراوە و گرووپێکی نێو یەکێتی ڕێککەوتنی ژێر بەژێری لەگەڵ میلیشیاکانی عێراق ئەنجام داوە

Back to top button