جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: دیاری کردنی وەزیرەکان لە ڕێگای سیڤی سەرکەوتوو نابێت
دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ڕسپێردراوی عێراق عادل عەبدولمەهدی بڕیاری دەسنیشانکردنی وەزیرەکانی کابینەکەی لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی سیڤی ڕاگەیاند جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكان لە ڕێی سیڤییەوە بەسەر كەسانی سەربەخۆدا، سەركەوتوو نابێت، چونكە پشكی لایەنە سیاسییەكانە.
دكتۆر بەشیر خەلیل، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرای عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا و ئاماژەی بەوە دا، كە شتێكی نوێیە لە پێكهێنانی حكوومەتدا و پێشی وایە، ئەو پڕۆسەیە سەركەوتوو نابێت. هاوكات دكتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كوردیش هەمان بۆچوونی هەیە كە سەركەوتوو نابێت، بەو پێیەی گەر لایەنەكان پشتگیریی كەسێك نەكەن، سەركەوتوو نابێت، بە سەرسوڕمانیشەوە گوتی: “لە ھیچ كوێیەكی دنیادا نییە ئەو شێوازەی عادل عەبدولمەھدی دایناوە بۆ پێكھێنانی حكوومەت، كە ھەموو كەسێك بتوانێ خۆی بۆ پۆستەكان كاندید بكات”.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێی وایە ئەو كارەی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، تەنیا بە پەیامێكی ئاسایی ناو دەبات، كە ناوبراو دەیەوێت بە هاووڵاتیان بڵێ كابینەكەی من جیاوازە لە كابینەكانی پێشوو. باوەڕیشی وایە، بۆی هەیە لەو هەمووە سیڤییە یەك دوو كەس وەربگیردرێت، ئەویش بەو مەرجەی هەموو لایەنەكان رازی بن. مەحموود عوسمان هەمان بۆچوونی هەیە و پێی وایە، سەرەتا دەبێت راسپێردراو لایەنەكان بۆ ئەو پرسە رازی بكات، بەوەی كەسانی سەربەخۆ بەشدار بكات لە كابینەكەی، دەنا ئەركێكی قورس دەبێت بۆ عادل عەبدولمەهدی.
هۆكاری سەرنەگرتنی ئەو كارە، دكتۆر بەشیر بۆ بوونی رێككەوتنی سیاسیی لایەنەكان لە هەمبەر پۆستەكانی دەگێڕێتەوە، كە پشكی لایەنە سیاسییەكانی عێراقە و بە پێی سەنگ و دەنگی لایەنەكان پۆستە وەزارییەكان دابەش دەكرێن، بۆیە ناكرێت بدرێنە كەسانی دیكە، گوتیشی: “گەر بەو پێیە بێت و پۆستەكان بە كەسانی سەربەخۆ بدرێن، كەوایە بۆ هەڵبژاردنمان كرد؟!.