نوێنهرانی گۆڕان و كۆمهڵ و یهكگرتووی ئیسلامی له ئهنجومهنی كۆمیسیاران ئهنجامهكانی ههڵبژاردن ڕهد دهكهنهوه
لە دوای راگەیاندنی کۆتایی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ۲۱ی ئۆكتۆبهری ۲۰۱۸ له ڕاگهیهنراێكی هاوبهشدا نوێنەرانی ههریهك له بزوتنهوهی گۆڕان، کۆمەڵی و یەکگرتووی ئیسلامی، ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو واژۆیان لەسەر نەكردووەو رایانگەیاند: “ئێمە وەک چوار ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کە زۆرترین پشکی کار و ماندووبوونمان هەبوو لەم پرۆسەیەدا، دژی ئەو کۆبوونەوەیە بووین و بە نایاسایی دەزانین و پێمانوایە ئەمکارە پیشەیی نییە و دەنگمان پێنەدا و پەسندی ناکەین و رەتیدەکەینەوە”.
شیروان زرار (کۆمەڵی ئیسلامی) ، ئیسماعیل خورماڵی (یەکگرتووی ئیسلامی) ، عەبدولسەمەد خزر عەبدوڵڵا و د. رێزان حەمە رەشید (بزووتنەوەی گۆڕان) لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هۆکاری ئەو هەڵوێستەیان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە “لەکاژێر ۱۱:۰۰ ـی شەوی رابردوو بەبێ بوونی ئەجێندای پێشوەختە بۆ وەرگرتنی رای ئەندامان و ئەو هەزاران لاپەڕە تێبینیانەی لەسەر کەموکوڕییەکانی فۆرمی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نووسرابوو، بابەتی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کە ئەنجامی کۆتایی نین و پڕن لە کەموکوڕی و ناتەواوی لەسەرتاسەری هەرێم خرایە نێو باسی کۆبوونەوەکە. ئەگەرچی ئێمە چەندینجار داوامانکرد کۆبوونەوەکە دوابخرێت بۆ ئەوەی کارەکە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێچکەی یاسایی خۆیدا بڕوات، بەڵام بەبێ گواێدانە داخوازییەکانی ئێمە و ئەو هەموو یادداشتەی لەوبارەوە پێشکەشمانکردبوو، بەپەلە و بەبێ هیچ گفتوگۆیەک خشتەیەکی ئامادەکراوی پێشوەختە خرایە دەنگدان و بەزۆرینەی دەنگ تێپەڕێندرا”.
پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو ٤۵ كورسی دەبێت لە خولی داهاتووی پەرلەمان، یەكێتی بە ۲۱ كورسی لە پلەی دووەمدایە، هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان ۱۲ كورسیو نەوەی نوێ ۸ كورسیو كۆمەڵ ۷ كورسیو بەرەو ئیسلاح(بزوتنەوەو یەكگرتوو) ۵ كورسییان بەدەستهێناوە.
پارتیو یەكێتی لەكۆی ۹ ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران ۵ ئەندامیان هەیەو سەرجەمیان واژۆیان لەسەر ئەنجامی كۆتایی كردووە، هەریەكە لە گۆڕان(۲ ئەندام)و كۆمەڵو یەكگرتووش هەریەكەو ئەندامێكیان لە ئەنجومەنەكە هەیەو واژۆیان لەسەر ئەنجامەكە نەكردووەو ڕەتیدەكەنەوە.
بەپێی ئەو ئەنجامانەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئەنجامەکان بەمشێوەیەن:
۱۰۰ کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان: ٦۸٦،۰۷۰ دەنگ- ٤۵ کورسی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان: ۳۱۹،۹۱۲ دەنگ- ۲۱ کورسی
بزووتنەوەی گــۆڕان: ۱۸٦،۹۰۳ دەنگ- ۱۲ کورسی
جوڵانەوەی نەوەی نوێ: ۱۲۷،۱۱۵ دەنگ- ۸ کورسی
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان: ۱۰۹،٤۹٤ دەنگ- ۷ کورسی
هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح: ۷۹،٤۳٤ دەنگ – ۵ کورسی
هاوپەیمانی سەردەم: ۱۵،۵۸۱ دەنگ – ۱ کورسی
لیستی ئازادی: ۸،۰٦۳ دەنگ – ۱ کورسی