عەبدولستار مەجید: ئێران بە پیلان و پلان لەهەوڵی لەناو بردنی كشتوكاڵی كوردستانە

خواكوڕك
 
لەدیمانەیەكی دا لەگەڵ كەناڵی رووداو عەبدولستار مەجید وەزیری كستوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەلێت ئێران بە پیلان و پلان سەرقاڵی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی خۆیانن لە بازاڕەكانی كوردستان. زانیاریم هەیە وەزارەتی كشتوكاڵی ئێران پشتگیری جوتیارانی خۆی دەكات بۆ ئەوەی بازاڕەكانی ئێمە بشكێنن. ئەوان گوتوویانە هەرێمی كوردستان باجی خستووەتە سەر بەرهەمی ئێمە، بۆیە پشتگیریی جوتیاری خۆیان دەكەن تاوەكو بەرهەمەكانیان هەناردەی لای ئێمە بكەن.
 
عەبدولستار مەجید هەورەها گوتی، راستە قەیرانی دارایی هۆكارێك بووە، بەڵام پلان و بەرنامەی وەزارەت و پشتگیریكردنی بەرهەمی خۆماڵی و دانانی باج لەسەر بەرهەمی هاوردەكراو، وای كردووە بەرهەمی خوماڵی زۆر بێت. جگە لەوە ئێمە كێشەمان لەگەڵ ئێران لەسەر بەرهەمی خۆماڵی بۆ دروست بووە، لەگەڵ عێراق دووچاری شەڕ بووین، هەمووی لە پێناوی پشتگیری لە بەرهەمی خۆماڵی بووە.
 
گوتیشی ، ئێمە یان هێنانی بەروبوومەكە قەدەغە دەكەین، یان باجی زیادی دەخەینە سەر. بۆ نموونە كێشەی تەماتە لە حاجی ئۆمەران، سیدەكان و پێنجوێن هەبوو باجمان لە 250 دینارەوە كردە 350 دینار كە ئەمەش وای كرد جوتیارانی كوردستان قازانج بكەن و بەرهەمەكانیان لە بازاڕەكان ساغ بكەنەوە، هەروەها دەلێت مافی خۆمانە بەرهەمی ئێرانی لە كوردستان قەدەغە بكەین یان باجی زیاتری بخەینە سەر.
 
عەبدولستار مەجید كە ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامییە هەر لەو دیمانەیەدا بە پێچەوانەی هەڵوێستی ئەمیری كۆمەڵ، پێی باش بوو حیزبەكەی بەشداری ئەو شاندەی هەرێمی كوردستانی بكردایە كە سەرەتای ئەم مانگە چوونە بەغدا. سەبارەت بە كشانەوەی كۆمەڵ لە كابینەی حكومەتیش، عەبدولستار مەجید دەڵێت ئەگەر بە كشانەی كۆمەڵ لە حكومەت قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر ببن، دەكشێنەوە.
Back to top button