سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم: شەش كەس بە تۆمەتی مامەڵەكردن بەدەرمانی قاچاغ دادگایی دەكرێن

 

دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داخستنی سەرجەم نۆرینگەكانی بێ‌ مۆڵەت ولەناو بردنی دەرمانی ماوە بەسەرچوو دەستگیركردنی قاچاغچیەكانی دەرمانی راگەیاند, سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی ھەرێمی كوردستان ھەوڵەكانی بۆ چاكسازی لە كەرتی دەرماندا ئاشكرا دەكات و پێی وایە، ھەنگاوی باش نراوە لە لایەن دەستەی دەستپاكی و دەزگای ئاسایشەوە بۆ ڕیگریكردن لە ھاتنی دەرمانی قاچاخ.

د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی ھەرێمی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات: “پێشتر لە سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستانەوە بە فەرمانی سەرۆك مەسعوود بارزانی چەند كەیسێكی دەرمان ڕەوانەی دەستەی دەستپاكی كرابوون و دەشڵێت: “لێكۆڵینەوەیان لێ دەكرێت و لیژنەیەكی تایبەت بە چاكسازی لە كەرتی دەرمان پێك ھاتبوو، شەش كەیس لەوانە لە بەردەستی ئێمەیە وەك دەستە و كار دەكەین بۆ یەكلاكردنەوەیان.”

لە چوارچێوەی ئەو ڕیفۆرم و چاكسازییانەی كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ باشتركردن و پاراستنی ژیانی خەڵكی كوردستان لە ھەموو بوارەكاندا ئەنجامیان دەدات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی گرنگی لە بواری تەندروستی و كۆنترۆڵكردنی دەرمان لە ھەرێمی كوردستاندا دەركرد، لەوانەش دامەزراندنی دەزگایەكی تایبەت بە ھاوردەكردن و مامەڵەكردن بە دەرمانەوە.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی دەڵێت: “ئەو شەش كەیسەی دەرمان كە لای ئێمەیە قۆناغی باشیان بڕیوە، ھەندێكیان گەیشتوونەتە قۆناغی دادگاییكردن و كاریش تێیاندا بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام و بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو كەیسانەدا دەكرێت.”

دەربارەی ھاتنی دەرمانی قاچاخ، دكتۆر ئەحمەد ئەنوەر گوتی: “ئەو دەرمانانە زیاتر لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقەوە دێنە نێو ھەرێمی كوردستان. بە پێی یاسا ھێنانی دەرمانی قاچاخ تاوانێكی ئابوورییە و ھێزەكانی ئاسایش كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەن بۆ دەستگیركردن و لێپرسینەوە، ئێمە دەستخۆشی لە دەزگای ئاسایش دەكەین بۆ ھەوڵەكانیان، پێویستە ئەو ھەماھەنگییەمان ھەبێت بۆ ئەوەی وەك دەزگایەكی چاودێری ڕۆڵمان لەسەر پرسی دەرمانی قاچاخ هەبێت.”

Back to top button