هەرێمی كوردستان بە پێشنیارێكی بانكی نێودەوڵەتی رازی دەبێت

 

دوای ئەوەی لە سێ ساڵی رابردوودا بە هۆی قەیرانی دارایی زۆرێك لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان پەكیان كەوت, بەڵام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەوڵدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و بە گەڕخستنەوەی سەرجەم پڕۆژەكان و ھاوكاریكردنی كەرتی تایبەت بۆ باشتركردنی باری ئابووری، لەو چوارچێوەیەشدا كاری لەسەر جێبەجێكردنی پێشنیازەكانی بانكی نێودەوڵەتی كردووە.

مەلا یاسین، سەرۆكی وەبەرھێنەرانی كوردستان رایگەیاند: “لە ھەرشوێنێك ئەگەر پێوەرەكانی بانكی نێودەوڵەتی پەیڕەوبكرێت، ئەوا بێگومان بانكی نێودەوڵەتی ھاوكار دەبێت، ھەرێمی كوردستانیش ئەو پێوەرانەی كە لە بانكی نێودەوڵەتییەوە دراون بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستیپێكراوە و جێبەجێ دەكرێن”.

بانكەكان ھەمیشە رێگەیەك بوون بۆ چارەسەری كێشە داراییەكان، بانكی نیودەوڵەتی لە عێراق بە مەبەستی باشتركردنی دۆخی ئابووری لە عێراق و ھەرێمی كوردستان ھەڵدەستێت بە پاڵپشتی كردنی پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت و گشتی لەگەڵ ھاوكاری گەنجان و ھێنانە ناوەوەی ھێزی كاری ژنان، بە تایبەت تا لەو رێگەیەوە كار بكرێت بۆ نەھێشتنی قەیرانی دارایی و دابەزاندنی ئاستی بێكاری.

هەروەها یارا سالم، نێردراوی تایبەتی بانكی نێودەوڵەتی گوتی: “لەگەڵ حكوومەت كاردەكەین بۆ گۆڕانكاری لە یاساكاندا و بەشێوەیەكی باش كە ھاندان بێت بۆ كەرتی تایبەت، كاردەكەین بۆ دەستپێكردنەوەی چالاكییە ئابوورییەكان، ھەروەھا كاردەكەین لەسەر ئەو دامەزراوە كۆمەڵایەتییانەی كە رۆڵیان ھەیە بۆ ھۆشیاركردنەوەی خەڵك، بۆ بەشداری پێكردنی ژنان و گرنگی پێدانیان لە بازاڕی كاردا”.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوه‌ی ھەوڵەكانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، چەندین پڕۆژەو کاری کردووە، بەتایبەت ھاندانی کەرتی تایبەت لە بووژانەوەی ئابوریدا. بە بڕوای ھەندێك لە خاوەن پڕۆژە تایبەتەکانیش لە کابینەی نوێی حکوومەتدا چەندین گۆڕانکاری ده‌كرێن بۆ بەردەوامی دان بە تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و ھاندانی کەرتی تایبەت

Back to top button