عوسمان ئۆجەلان : تەنها لەبەر ئەوەی لەگەڵ شەڕی ناوخۆ نەبووم, جەمیل بایك 52 رۆژ منی لەژێر بەردێك زیندانی كرد

 

دوای ئەوەی پەكەكە دژ بە یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێم و بەرەی كوردستانی بڕیاری دەستپێكردنی شەڕی راگەیاند, سەركردەیەكی پیشووی پەكەكە دەلێت:” ویستم دەستپێشخەری بكەم چونكە لەگەڵ شەڕی ناوخۆ نەبووم لەگەڵ سەرۆك بارزانی و مام جەلال كۆبوومەوە كەچی پەكەكە منی دستگیر كرد.

عوسمان ئۆجەلان, سەركردەیی پێشووی پەكەكە دەلێت”: شەڕی ناوخۆم بەدڵ نەبوو. هاتمە زەڵێ ویستم بیكەمە دەستكەوتێك بۆ هەموو كورد. بۆ ئەوەی شتێكی تازە بكەم لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی و مام جەلال و لەگەڵ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و لەگەڵ گەورە و بچووكی پارت و بەرپرسەكان دیدار و كۆبوونەوەم كرد. بۆ ئەوەی میساقێكی میللی دروستبكەم، شتێك بكەم هێزەكان پەیمان بدەن جارێكی دیكە رێگە بەشەڕی ناوخۆ نەدەن و رێگە لە شەڕ بگرن. من بەناوی پەكەكەوە دانوستاندن و هەڵسوكەوتم دەكرد، هەر شتێكم پێ باشبووایە دەمكرد، بەڵام پەكەكە ئەو كارەی منی پێناخۆش بوو. من لەگەڵ هەموو گرووپ و هێزەكان دیدارم ئەنجامدابوو، دوایینجار چوومە لای سەرۆك بارزانی بۆئەوەی لەگەڵ ئەویش دانیشتنێك بكەم بۆ پەیمانێكی نەتەوەیی، دانیشتنەكەمان دوو سەعات زیاتر بەردەوام بوو. دەتوانم بڵێم سەرۆك بارزانی ئەوەی زۆر پێخۆشبوو، هاتم ماڵێكمان لە عەنكاوە هەبوو ئەو شەوە لەوێ خەوتم. بەیانییەكەی بینیم تەلەفۆنیان بۆ من كرد، عەبدوڵڵا ئاگرین بوو كە ئەوكات ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. گوتی: “بۆچی ئێوە ئەو شتانە دەكەن؟” گوتم: چ شتێكمان كردووە، ئاگاداری هیچ نیم. گوتی: “هێزی ئێوە هێرشیان كردووەتە سەر بارەگایەكی پارتی لە زاخۆ”، منیش گوتم ئاگاداری ئەوە نیم، لێكۆڵینەوە دەكەم و بەپێی ئەوە وەڵامتان دەدەمەوە. لێكۆڵینەوەم كرد، كاتێك كەوا من لەگەڵ سەرۆك بارزانی هەڤدیتنم هەبووە، پەكەكە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بدات كەوا ئەو دیدارانەی عوسمان دەیانكات بەناوی پەكەكە نییە و ئێمە رەتیدەكەینەوە، خێرا هێرشی كردووەتە سەر بارەگایەكی پارتی.

هەروەها دەشڵێت:” پارتیش بۆ ئەوەی شەڕ دروست نەبێت بارەگاكەی خۆی جێهێشتووە، بەڵام كوژراو و بریندارنەبوون. كە لێكۆڵینەوەم كرد بینیم ئەوە هەنگاوێكە لەدژی من. جەمیل بایك رێنمایی دابوو، لەگەڵ ئۆجەلان بوو، جەمیل بایك سەربەخۆ رێنماییەكی وا نادات. بۆیە هاتم بەرپرسانی زەڵێم كۆكردنەوە و دەستلەكاركێشانەوەی خۆم پێشكەش بە پەكەكە كرد. گوتم لێرە بەدواوە لە خەباتی پەكەكەدا بەشدارنابم. ئەوە كۆتایی كاری من بوو لەناو پەكەكە.

هەروەها عوسمان ئۆجەلان دەشلێت:” كە دەست لەكار كێشانەوەم پێشكەشكرد پەكەكە قبووڵی كرد، بەڵام بۆ ئەوەی مەحكومم بكات وەكو دەستبەسەرێك منی هێشتەوە. لەكاتێكدا نە ئەندام و نە بەرپرسیارێتیم لەناو پەكەكەدا نەمابوو، ماوەی سێ ساڵ لەلای پەكەكە بەندكراوێكی دەستبەسەر بووم.

ئەو سەركردەیەیی پێشووی پەكەكە دەشڵێت”: پەكەكە كۆنگرەی پێنجەمی بەست و چەپەكانی ناو پەكەكە گرووپی ئەنقەرە بوون، وەك: جەمیل بایك، دوران كاڵكان، مستەفا قەرەسوو، رەزا ئاڵتوون. ئەوانە كۆنگرەیان بەڕێوەدەبرد. لە 1994 بۆ ماوەی 52 رۆژ منیان لەژێر بەردێكدا زیندانی كرد، نیمچە ئەشكەوتێك بوو، نایلۆنیان لەدەوروبەری دابوو، لەژێریشمان تەنیا یەك بەتانی هەبوو.

Back to top button