بڵند ئیسماعیل : پارتی خۆی ئه‌و حیزبانه‌ دیاری ده‌كات بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: ”بێشک دوای ئەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگاوە پەسەند دەکرێت، جموجۆڵ و ھاتوچۆی حزبەکان دەست پێ دەکات، بەڵام پەسەندکردنی ئەنجامەکان پێنج ڕۆژی پێ دەچێت“.

بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌ڵێت:” گەورەترین فراکسیۆن لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ پێکھێنانی حکوومەت ڕادەسپێردرێت کە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە ، دوای ئەوەش پارتی لەگەڵ ئەو ھێزانەی کە پێیوایە لێیەوە نزیکن و دەکرێ پێکەوە ھاوکار بن، گفتوگۆ دەست پێ دەکات، ”مەرجیش نییە ھەموویان بێنە ناو حکوومەتەوە، بەڵام دەکرێ گفتوگۆ لەگەڵ ھەموویان بکرێ و ڕا گۆڕینەوە لەسەر چۆنیەتی پێکھێنانی حکوومەت ھەبێت“.

بڵند ئیسماعیل، گوتی :” ”پێشتر ڕێککەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵ یەکێتی ھەبوو، بۆیە بەردەوام یەکێک لە ھەڵەکان ئەوە بوو کە سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کابینەی نوێی حکوومەت ڕادەسپێردران، بەڵام ئێستا لیستی براوە ڕادەسپێردرێت کە پارتییە”.

بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی گوتیشی :”لەو ماوەیەی پەرلەمان دیاری کردووە، ئەوا ”پارتی خۆی ئەو حزبانە دیاری دەکات کە حکوومەتیان لەگەڵ پێک دەهێنێت“.

کاتژمێر ۱۲ی شه‌وی ۲۰ی ئۆكتۆبه‌ر، کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند و بەگوێرەی ئەنجامەکانیش، پارتی دیموکراتی کوردستان پلەی یەکەمی هەیە و هەر یەک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە پلەی دووەم و سێهەم دێن.

Back to top button