سبه‌ینێ له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان دیداری مێری به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

دیداری مێری ساڵانه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و وابریاره‌ سبەی سێشەممە ۲۳ی۱۰ی۲۰۱۸ دیداری مێری ۲۰۱۸ بۆ گەنگەشەکردنی روانگەکان و سەقامگیری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەست پێدەكات.

چەندین كەسایەتی سیاسی ھەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە به‌شداری له‌ پانێڵه‌كانی دیداری مێری ده‌كه‌ن و لە پانێڵەكاندا گفتوگۆ لەبارەی پرسە گرنگەكانی ھەرێمی كوردستان، عێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت. ھەروەھا ئەو دیدارە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسە گرنگ و سەرەکییەکان، دارێژەرانی سياسەت و بڕیاربەدەستان و ئەکاديمستان لەسەر ئاستی نيشتيمانیی و نێودەوڵەتی کۆدەکاتەوە.

د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری، رایگەیاند: ” چەندین پانێڵ و دانیشتنی تێر و تەسەر بەڕێوەدەچن کە چەندین سەرکردەی سیاسی، بیرمەند، باڵیۆز و خەڵکی قیادیی لە عێراق، وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی قسەی تێدا دەکەن”.

سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری ده‌ڵێت:” ئەم دیدارە گرنگی زۆری هەیە چونکە ئێستا کوردستان و عێراق لەسەروبەندی پێکهێنانی دوو حکوومەتن، پێویسته‌ سەرکردەکان بە خەڵک بڵێن کە سیاسەتیان چی دەبێت و وبارودۆخ و چارەنووسی ئەو خەڵکە بەکوێدەگات”.

هه‌روه‌ها د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری دەشڵێت: “سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر پەنابردنە بۆ چەک، دەبێت سیاسییەکان کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەربکەن چونکە سەقامگیری گشتی بۆ هەموو لایەک گرنگە”.

له‌ خواكوڕك خشته‌ی ناوه‌رۆكی پانێڵه‌كانی دیداری مێری بخوێننه‌وه‌ :

پانێڵەکانی رۆژی یەکەم ۲۳ی۱۰ی۲۰۱۸به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت:

لە کاتژمێر ۹ی بەیانی پانێڵی یەکەم، باس لە “ریفرۆم لە سیستمی حکومڕانی: لامەرکەزیەت و بە دامەزراوەیرکردن” دەکرێت، بۆ ئەم باسەش، هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشیر خەلیل حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر و عەلی دووای لازم ئەلفەرتوسی، پارێزگاری میسان وەک قسەکەر بەشدار دەبن و تورهان ئەلموفتی، وەزیر، سەرۆکی سکرتاریەت و نوێنەری حکوومەت لە پەرلەمانی عێراق سەرپەرشتیاری پانێڵەکە دەکات.

پانێڵی دووەم کە کاتژمێر ۱۱:۱۵ دەستپێدەکات، “دەوڵەتسازی و نیشتیمانسازی لە عێراقێکی لاواز” دەخرێتە بەر باس و گفتوگۆ، هەریەک لە عەدنان ئەلزورفی، ئەندام پەرلەمانی عێراق و پارێزگاری پێشووی نەجەف، عەدنان فیحان، سەرۆکی کۆمیتەی سیاسی عەسائیب ئەهلی هەق، جاسم ئەلحیلفی، ئەندامی کۆمیتەی سیاسی هاوپەیمانی سائیرون، جەعفەر ئێمنکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەحیا ئەلکوبەیسی، راوێژکاری سەنتەری عێراقی بۆ دیراساتی ستراتیژی لە عەممان بۆچوونەکانیان دەخەنەڕوو، ئەم پانێڵەش تالیب محەمەد کەریم، جێگری سەرۆکی سەنتەری رافیدەین لە نەجەف سەرپەرشتیاری دەکات.

“کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناڤین دەبێت” ناونیشانی پانێڵی سێهەم کە کاتژمێر ۲:۰۰ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات. قسەکەرانی ئەم پانێڵە مەلا بەختیار، بەرپرسی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، نەزمی گوڕ، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا، خالید عەزیزی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزبی دیموکراتی کوردستان دەبن. دلاوەر عەلائەدین وەک سەرپەرشتیار بەشداری پانێڵەکە دەبێت.

پانێڵی چوارەم بەناوی “یەکێتی ئەوروپا لە رۆژهەڵاتی ناڤین: دەوڵەتسازی بۆ رێگرتن لە توندوتیژی” کاتژمێر چوار و ۱۵ خولەک دەستپێدەکات. رامۆن بڵێکوا، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، تینا گادێ، لێکۆڵەر لە ئینیستوتی نەرویچی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، ستیڤن بلۆکمانز، لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسەتی ئەوروپی لە برۆکسڵ و کامەران پالانی، لێکۆڵەر لە ئینستیتیوتی مێری، قسەکەرانی پانێڵەکە دەبن. سەرپەرشتیاری پانێڵەکە مۆرتێن بۆوس لە ئەنیستۆتی نەرویجی بۆ کاروباری نێودەڵەتی دەبێت.

پانێڵەکانی رۆژی دووهەم ۲٤ی۱۰ی۲۰۱۸به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت:

یەکەم پانێڵی رۆژی دووهەم و پێنجەم پانێڵی دیدارەکە بەناونیشانی “سه‌قامگیریی یاسایی له‌ عێراق و رۆڵی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وله‌تی” کاتژمێر ۹ی بەیانی دەستپێدەکات. قسەکەرانی دیدارەکە برونۆ پاسکینۆ، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، هانسی ئێسکوبار، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق، ئێریک ستراتینگ، جێگری باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، جۆن تاکنات، جێگری باڵیۆزی بەریتانیا و تانیا گلی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەبن.

“هێزە ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیەكان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین: دەرفەتەكانی ململانێ و هاوكاری” دەبێتە ناونیشانی پانێڵی شەشەم و ئیبتسام ئەلکیتبی، دامەزرێنەر و سەرۆکی سەنتەری سیاسی ئیمارات، تەها ئۆزان، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە ئینستیتیوتی ئەنكەرە و سەرۆكی پێشووی لێژنەی كاروباری دەرەكی لە پەرلەمانی توركیا، رەنج عەلائەدین، لێکۆڵەری پێشکەوتوو لە ئینستیتیوتی بروكینز و محەمەد بن سەغەر ئەلسولەیمی، سەرۆكی ئینستیتیوتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دیراساتی ئێران لە شانشینی سعوودییە قسەکەرەکان دەبن. ستیڤن بلۆکمانز لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسەتی ئەوروپی لە برۆکسڵ وەک سەرپەرشتیار بەشداردەبێت.

کاتژمێر ۲ی پاشنیوەڕۆ لە پانێڵی حەوتەم پرسی، “هێزە ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیەكان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین: دەرفەتەكانی ململانێ و هاوكاری” دەخرێتە بەر باس و گفتوگۆ. قسەکەرانیش لە ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، رامۆن بڵێکوا، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و ئالبێرتۆ فێرناندێز، سه‌رۆكی تۆڕەكانی راگەیاندنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست پێکهاتوون. فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق سەرپەرشتیاری پانێڵەکە دەکات.

لەدواین پانێڵ کە کاتژمێر ٤:۱۵ خولەکی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت، “بیركردنه‌وه‌ی جیهانی، كاركردنی لۆكاڵی و ئاسۆكانی داهاتوو” دەبێتە ناونیشانی باسەکە. هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەمار ئەلحەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە پرسەکە تاوتوێدەکەن.

Back to top button