زیاتر لە سەدا ۷۰ـی كادیرانی یهكگرتووی ئیسلامی پێیان باشه ببنه ئۆپۆزسیۆن
یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاری كۆتایی دا، ناچێتە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمو دەبێتە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان، ئەوە خواستی زیاتر لەسەدا ۷۰ی كادرانی ئەو حیزبە بووە لە ڕاپرسییەكی ناوخۆییدا.
ئهمرۆ دوو شهممه ۲۲ی ئۆكتۆبهری ۲۰۱۸ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت”یەكگرتوو لەم خولەدا بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات و وەكو ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانیی خۆی لەپێناو بەشداربوونی كارا لە پڕۆسەی چاكسازی ڕاستەقینەو دژایەتیكردنی گەندەڵی و دەستەبەركردنی دادپەرەوەری بۆ سەرجەم هاووڵاتیان و چین و توێژەكانی گەلەكەمان.”
هادی عەلی، گوتەبێژی یەكگرتوو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوای خوێندنەوەی بەیاننامەكە ڕایگەیاند:” بڕیاری بوون بە ئۆپۆزسیۆن خواستی زۆرینەی زۆری كادیرو ئەندامانیانەو ئەنجومەنی سەركردایەتی دوای تاوتوێ كردنی هەموو ئەگەرەكان ئەوەی پێباش بووە”.
بڕیاریشه لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەكگرتوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی ساز بكات، ئەوەش دەكاتە وێستگەیەك بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەیەكی بەخۆداچوونەوەی ڕیشەییو دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكانو هۆكارەكانی كەمبوونەوەی دەنگەكانیان، لەگەڵ ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری ناوخۆیی بەمەبەستی خۆنوێكردنەوە.
بەپێی ئەنجامەكە فهرمییهكانی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردن و ڕاپرسی ههریم ، یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دوو زەرەرمەندترین حیزبی هەڵبژاردنەكانی ههرێمی كوردستانن، هەریەكەیان نیوەی كورسییەكانی لەدەستداوە، یەكگرتوو پێشتر ۱۰ كورسی هەبوو، لە خولی نوێدا ۵ كورسی پەرلەمانی دەبێت.