ئەنجومەنی ئاسایش لە بارەی رەوشی ناوچە داگیركراوەكان چەند زانیاریەكی نوێ‌ بڵاودەكاتەوە

 

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان نائارامی زۆریان بەخۆدا بینیەوە بە جۆرێك كە داعش كۆنترۆڵی چەند گوند و ناوچەیەكی لە سنورەكانی كەركووك و دیاڵە و موسڵ بەدەستەوەیە, لەوبارەیەوە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، ڕای گەیاندووە، كە لە ماوەی مانگی ئەیلوولدا، ئاڵۆزییەكان لە كەركووك و مووسڵ و ناوچەكانی دیكە، ڕوو لە زیادبوون بووە. ژمارەی هێرشەكانی داعش، هەندێكجار بۆ سەر چەندین گوند لە یەك كاتدا، زیادی كردووە. هێرش بە ڕێگای بۆمب و بەئامانجكردنی ماڵی هێزە ئەمنییەكانی عێراق یان ئەندامانی حەشدی شەعبی، و هەروەها وێستگەكانی كارەبا به بەردەوامی ڕووی داوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەكە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لانی كەم 22 هێرش لە لایەن داعش و چەكدارانی نەناسراو ئەنجام دراون، هەروەها 25 تەقینەوە بە ڕێگای بۆمب، هێزە عێراقییەكان و هاووڵاتی مەدەنییان كردووەتە ئامانج. ئەمە جگە لە پێنج هێرشی دیكە بە ڕێگەی نارنجۆك تۆمار كراون و بە شێوەیەكی گشتی نۆ حاڵەتی ڕفاندن هەبووە. خۆخزاندنە ناوەوەی چەكدارانی داعش و چەندین حاڵەتی دەستگیركردن ڕووی لە زیادبوونە.

هەروەها، چەندین هێرشیش لە خانەقین، حەویجە، گەیارە، دوبز و نزیك چیای حەمرین تۆمار كراون. لە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی ڕابردوو، چەكدارانی داعش هێرشێكیان لە موتەیبیجە ئەنجامدا و سەربازێكی خەڵكی ئامرلییان كوشت، هەروەها چواری دیكەشیان بریندار كرد. پێشتریش لە 16ی ئەیلوول، داعش پۆلیسێكی عێراقی لە ڕەشاد كوشت و دووی دیكەی، بریندار كرد.

لە ڕۆژی 11ی ئەیلوول، داعش هێرشێكی دیكەی بۆ سەر گوندی حەویجە لە نزیك شاری حەویجە ئەنجامدا و دوو ئەندامی حەشدی عەشایەری كوشت، هاوكات ژنێكیشی لە ماڵەكەدا بریندار كرد. لە 30ی ئەیلوول، چەكدارانی داعش لە بوسەیەكدا، دوو ئەفسەری سەر بە پۆلیسی فیدراڵی عێراقییان كوشت.

لە 12ی ئەیلوول، داعش هێرشی كردە سەر سەنتەرێكی تەندرووستی لە گوندی دەرعای سەر بە داقووق و دوو كەسی ڕفاند. یەكێك لە ڕفێنراوەكان، كە شۆفێری ئەمبووڵانس بووە، دوای پێدانی پارە، ئازاد كراوە. لە ڕێكەوتی 17ی ئەیلوول، چەكدارانی داعش بازگەیەكییان لە نزیك گوندی عەلی سوڵتان لە ڕەشاد دامەزراند و هاووڵاتییەكیان ڕفاند.

هەروەها، هێرشەكانی داعش بۆ سەر ماڵی چەكدارانی سەر بە سوپای عێراق بەردەوامە. لە بەرواری 13ی ئەیلوول، ماڵی ئەفسەرێكی پۆلیس لە گوندی بەریعەی كەركووك تەقێنرایەوە. لە 15ی هەمان مانگ و لە هێرشێكی هاوشێوەدا، ماڵی عەقیدێك لە گوندی غەریبی سەر بە شارەدێی عەبباسی، پارێزگای كەركووك، تەقێنرایەوە.

سەرەڕای ئەمانەش، هێرش بە ڕێگای بۆمباوە بەردەوامی هەیە. لە 18ی ئەیلوولدا، بۆمبێك لە نزیك شارەدێی ڕیازی سەر بە پارێزگای كەركووك بە پاسی گواستنەوەی فیرقەی 6ی سوپای عێراقدا تەقییەوە و، لە ئەنجامدا شۆفێری پاسەكە گیانی لەدەست دا و زیاتر لە 11 كەس بریندار بوون. لە 23ی ئەیلوولیش، داعش ئەفسەرێكی پلە بەرزی پۆلیسی فیدراڵی عێراقی، كردە ئامانج و لە ئەنجامدا كوژرا.

هەر لەو مانگەدا، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانان چەندین پێگەی داعشییان كردە ئامانج. لە چیای قەرەچۆخی مەخموور، فڕۆكە جەنگییان چەكدارێكی داعشییان كوشت كە خەڵكی شەرگات بووە. لە 24ی ئەیلوول، پێگەكانی داعش لە گوندی كەریم داوودەی سەر بە خانەقین كرانە ئامانج و 6 چەكدار كوژران.

هەر لە ماوەی ئەو مانگەدا، هێزەكانی هاوپەیمانان نزیكەی 15 هێرشی ئاسمانییان لە نزیك مەخموور، خورماتوو و مووسڵ ئەنجام داوە. لە 22ی ئەیلوول، فڕۆكەكانی سەر بە هاوپەیمانان، لە هێرشێكدا بۆ سەر توونێلێكی داعش لە نزیك حەویجە، لانی كەم سێ چەكداری داعشیان كوشت.

Back to top button