شاندێكی باڵای بازرگانی ئەمریكا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد

 

دوای ئەوەی شەڕ لە سنورەكانی هەرێمی كوردستان دووركەوتەوە دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان بوژانەوەی بە خۆیەوە بینی, ئێستا كۆمپانیاكانی جیهان روولە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە, بۆ ئەم مەبەستە ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێكی بازرگانی ئەمریكا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، كە لە نوێنەرانی 25 كۆمپانیا و بازرگانی ئەمریكی پێكهاتوون. شاندە ئەمریكییەكە دیدارێكی بازرگانی لەگەڵ یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی كوردستان ئەنجامدا.

ئەسكەندەر محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان راگەیاند “گرنگی ئەم سەردانە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە ژمارەیەكی بەرچاو لە كۆمپانیا و بازرگانانی ئەمریكی لەگەڵ بازرگانانی كوردستان لە دیدارێكدا گفتوگۆ دەكەن، بۆ ئەوەی بگەن بە چەند خاڵێكی هاوبەش و پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوانیان بەهێز بكەن”.

بەگوتەی ئەسكەندەر محەممەد، بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ ئەمریكا و هاتنی سەرمایەی ئەمریكی بۆ كوردستان، “دەبێتە هۆكارێكی باش و فاكتەرێكی بەهێز بۆ پاڵپشتی هەرێمی كوردستان، لە داهاتووشدا دەبێتە پاڵپشتی سیاسیش”.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی گوتیش بەستنی دیدارێكی لەم شێوەیە و بەو بەرفراوانییە بۆ یەكەمجارە لەگەڵ ئەمریكییەكان دەكرێت. پێشتر دیدارێكی دوو لایەنە و چەند لایەنە ئەنجامدراوە، بەڵام یەكەمجارە بەشێوەیەكی فراوان ئەنجامبدرێت”.

رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو شاندێكی بازرگانی توركیا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر كۆبوونەوە، كە لە نوێنەرانی 12 كۆمپانیا لە بوارە جیا جیاكان پێكهاتبوون.

Back to top button