سەفین دزەیی: پێویستە پەرلەمانتارە كوردەكان لە بەغدا شەڕی بەشە بودجەی هەرێم بكەن
بەمەبەستی گەشەپێدانی ئابووری و هاندانی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان و بازرگانی لە هەرێمی كوردستان ئێوارەی رۆژی 22-10-2018 لە شاری هەولێر دیداری بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێوەچوو.
لە پەراوێزی ئەو دیدارەدا، كە ژمارەیەك لە گەورە بازرگانان و نوێنەرانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، لە پرێس كۆنفرانسێكدا سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی “ئەگەر ئەو كەشوهەوا ئارامەی لە هەرێمی كوردستاندا نەبوایە ئەو دەرفەتە بۆ كۆمپانیاكان نەدەڕەخسا، بۆیە كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بایەخی پێدراوە و یاسای تایبەتی بۆ دەركراوە و لەداهاتوشدا كار بۆ هاندانی زیاتری كەرتی تایبەت دەكەین”.
هەروەها باسی لەوەشكرد قازانجی كەرتی تایبەت دەبێت لەبەرچاو بگیرێت و ئەو بازاڕەی لە هەرێمی كوردستاندا هەبووە دەرفەتی باشی هەبووە بۆ مانەوە و بەردەوامی كۆمپانیاكان، دوای شەڕی داعشیش ئێستا هەرێم هەوڵی جدی دەدات بۆئەوەی متمانە بۆ كۆمپانیاكان بگەڕێتەوە.
لەبارەی كاركردن لە وێستگەكانی كارەبا، سەفین دزەیی وتی “كەرتی تایبەت كار لە سێكتەری كارەبادا دەكات و ئێستا كەرتی تایبەت وێستگەكانی سوتەمەنی دەكەنە گازی سروشتی و هەنگاوەكانیش بەردەوامن. گازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدێت و لە هەرێمی كوردستانیش بەكاردێت”.
سەبارەت بە پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران و پشكی بودجەی هەرێم لە بەغدا، سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی “ئێمە شەڕێكی یاسایی بۆ پشكی هەرێمی كوردستان دەكەین لە بودجەی گشتی عیراقدا و 58 پەرلەمانتاری كوردیش لە بەغدان و دەبێت شەڕی ئەو پشكە بكەن، راستە ئێستا مانگانە 317 ملیار دینارەكەی لە بەغداوە دێت هاوكاری حكومەت بووە بۆ كەمكردنەوەی پاشەكەوتی موچە، بەڵام ئەوەی دێت سەد لە سەد نییە و هیوادارین ئەوەی هەیە لە پرۆژە بودجەی ساڵی 2019دا بۆ هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت و كاری بۆ بكرێت، ئەمە لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان ماوەی سێ ساڵە لە بازاڕی نەوت كشاوەتەوە”.