ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك: یەكێتی لە كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ عەرەب و توركمان فەشەڵی هێنا
دوای ئەوەی بە هۆی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری گرووپێكی یەكێتی كەركووك لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیركرا, دواتر پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ شەرعیەت نەدان بە داگیركاریەكەی حەشدی شەعبی نەگەڕانەوە شارەكە, ئەگەر چی یەكێتی هەولێدا بە هاوبەشی لەگەڵ توركمان و عەرەبەكانی كەركووك ئەنجومەنی پارێزگا كارا بكاتەوە, ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایدەگەیەنێت، “تا ئێستا هەوڵەكان بۆ كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هیچ ئەنجامێكی نەبو”.
جوان حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاندووە: “كاراكردنەوەی ئەنجومەن بە دوو رێگە دەكرێت، یەكەمیان پارتی دەتوانێت بگەڕێتەوەو رێژەی یاسایی ئەنجومەن تەواو بكات و ئەوكات كورد دەتوانێت پرسی ئیدارەی شارەكە یەكلایی بكاتەوەو دووەمیشیان ئەوەیە كورد بەبێ پارتی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە ئەنجومەن كارا بكەنەوە و پۆستە ئیدارییەكانی ئەو شارە دیاری بكەن”، راشیگەیاند، ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار كاریگەری لەسەر چارەسەنەكردنی پرسی ئیدارەی كەركوك دروستكردووە وایكردوە تا ئێستا ئەو دوو حزبە رێكنەكەون لەسەر كاراكردنەوەی ئەو ئەنجومەنە”.
جوان حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك باسی لەوەشكرد، ” كورد لەدۆخێكی ئەمنی خراپدا دەژین و، هاوكات شارەكەیان روبەرووی گۆڕینی دیمۆگرافیا و سیاسەتی تەعریب بۆتەوە”.