سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی مەدەنیی ڕزگاریی عەفرین دەكات
ئهمڕۆ سێشەممە 23ـی 10ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی مەدەنیی ڕزگاریی عەفرین لە تاراوگە كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانیان لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە سەرۆك بارزانی كرد و ڕایانگەیاند كە بە سەركەوتنی پارتی سەربەرزن و سەركەوتنی پارتی مایەی ئومێدی هەموو لایەكە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و مرۆیی عەفرین و ڕەوش و گوزەرانی دانیشتوانی عەفرین و ئاوارەكان و هەروەها هەڕەشەكانی گۆڕینی دیموگرافیی ئەو شارە لە لایەن هێزە جۆراوجۆرەكان تاوتوێ كرا و شاندی میوان سەرۆك بارزانیان لە وردەكاریی ئازاردانی خەڵك و پێشێلكارییەكان لەدژی كورد لەو ناوچەیە ئاگادار كردەوە و گلەییشیان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە چاوپۆشیان لەو پێشێلكارییانە كردووە كە دەرهەق بە خەڵك و سرووشتی عەفرین دەكرێت.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەمەڕ ئاییندەی ڕۆژئاوای كوردستان و بارودۆخی عەفرین نیشاندا و ئەوەیشی خستەڕوو كە عەفرینیش درێژكراوەی ئەو زنجیرە كارەسات و زوڵمەیە كە دەرهەق گەلی كوردستان لە ڕابردوودا كراوە. هەروەها بەرچاوڕوونیی پێویستی لەبارەی هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە و داهاتووی سووریا و عەفرین بۆ شاندی میوان خستەڕوو.