یه‌كێتی ده‌ست به‌سه‌ر داهاتی نه‌وتی پارێزگای سلێمانی دا ده‌گرێت

له‌ ماوه‌كانی ڕابردوودا داهاتی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی كێشه‌ی له ‌ناو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌و به‌ تایبه‌ت فراكسیۆنی گۆران و یه‌كێتی دروستكردبوو، به‌ جۆرێك‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی گۆڕان داهاتی پارێزگای سلێمانی به‌ ناشه‌فاف ده‌زانن و چه‌ند جارێك داوای دروستكردنی لیژنه‌یه‌كیان كردووه‌ بۆ روونكردنه‌وه‌ی داهاتی سلێمانی، به‌ پێی زانیارییه‌كان داهاتی مانگانەی پارێزگای سلێمانی بەبێ‌ داهاتی گومرگ و بەرهەمەكانی نەوتی و گواستنەوەی نەوت بە تانكەر، ٤۰ ملیۆن دۆلار داهاتی مانگانه‌ دیار نییه‌.، داهاتی پارێزگای سلێمانی یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ كان و تا ئێستا نازانرێت داهاتی پارێزگا و خاڵە سنوورییەكان چەندە و چۆن كۆ دەكرێتەوە و چی لێ دەكرێت.

د.غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “یەکێتی دەستی بەسەر داھاتی نەوتی سنووری پارێزگای سلێمانی گرتووە و ئامادە نییە داھاتی نەوت بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە خەرج بکات“.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،ڕاشیگه‌یاند:” ماوەیەکی زۆرە بیرە نەوتەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بەرھەمیان زیادی کردووە، بەتایبەتی لە دەڤەری گەرمیان، ”بلۆکی نەوت ھەبووە پێشتر نۆ ھەزار بەرمیل نەوتی بەرھەم ھێناوە، بەڵام ئێستا ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت“.گوتیشی: ”بەھۆکاری ئەوەی کە یەکێتی لەپارێزگای سلێمانی دەستی ڕەھای ھەیە و ھەموو کۆمپانیاکانی کاردەکەن، داھاتی ئەو نەوتە دەچێتە خزمەتی بنەماڵەی تاڵەبانی“.

د.غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌ڵیت:” ئەو کەیسانەی پەیوەستن بە داھاتی نەوتی سنووری پارێزگای سلێمانی، ھەوڵ دەدەن ئامار و داتای گرنگیان لەبارەیانەوە دەست بکەوێت، تاوەکوو لە پەرلەمانی عێراق بیانجووڵێنن، چونکە ”ناکرێ بنەماڵەی تاڵەبانی داھاتی نەوت بۆ خۆیان قۆرخ بکەن و خەڵکی شاری سلێمانی سوودمەندی ئەو نەوتە نەبێت“.

هه‌روه‌ها ئەندامه‌كه‌ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان ده‌شڵێت: ”ئەگەر داھاتی نەوتی سلێمانی لەژێر ڕکێفی بنەماڵەی تاڵەبانی نەبێت، یان لە دەستێکی ئەمیندا بێت، ئەوان دەتوانرێ بە داھاتی ئەو نەوتە مووچەی فەرمانبەران بدرێ، ھەروەھا دەتوانرێ نەوتی سپی بۆ خەڵک دابین بکرێ، بەڵام تاوەکوو داھاتی نەوت لە خزمەتی بنەماڵەی تاڵەبانیدا بێت، خەڵکی سوودمەندی لێ نابینن“.

Back to top button