ئەندام پەرلەمانێكی عێراقی ئامانجی قەدەغەكردنی خواردنەوە كحوولیەكان ئاشكرا دەكات لە عێراق

خواكوڕك
 
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەناو تەلاری پەرلەمانی عێراق، نهێنیی قەدەغەکردنی خواردنەوە کحوولییەکانی ئاشکرا کرد و ڕای گەیاند، لە باشووری عێراق، ماددەی خشخاش دەچێندرێت کە ماددە هۆشبەرەکانی لێ بەرهەم دەهێندرێت، بۆیە حزبە شیعییەکان لە پەرلەمانی عێراق ماددە کحوولییەکانیان قەدەغە کردووە.
 
فایەق شێخ عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: ”ساڵانێک لەمەوبەر، عێراق هیچ قومارخانەیەکی تێدا نەبوو، بەڵام ئێستا لە عێراق قومارخانەی وا هەیە کە لە مۆنتکارلۆ و لەندەن و تەنانەت بەیرووتیش نییە و ڕۆژانە 2 ملیۆن دۆلار داهاتیانە. میلیشیای حزبەکان، پارە و داهات لەگەڵ قومارخانەکان دابەش دەکەن، یەکێک لە حزبەکان ڕۆژانە 2 ملیۆن دۆلار لە قومارخانەکان وەردەگرن و پێویستییەکانی چەک و هەڵمەتی بانگەشە و ئەوانە بەڕێوە دەبات. جگە لەوەی کە دەستی بەسەر زۆر شتی دیکەی عێراقدا گرتووە“.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە، شوێنی لەشفرۆشی هەیە کە لەگەڵ حزبی ئیسلامی شەریکن و لە بەرامبەر ئەوەی کە دەیانپارێزن، پارەیان پێ دەدەن و هەندێک کەس دەڵێن 72 شوێنی لەشفرۆشیی نافەرمی لە عێراق هەیە.
 
جەختیشی لەوە کردەوە: ”دەبی لەوە تێبگەین کە ئەو بانگەشەکارە ئیسلامییە ساختانەی لەسەر قومارخانەکان و ئافرەتانی خراپ و کحوول دەژین، ئەو دۆخەیان لە عێراقدا دروست کردووە. ئێستا هاتنە سەر قەدەغەکردنی عەرەق، چونکە ئێستا لە باشووری عێراقدا خشخاش دەچێندرێت کە ماددەی هۆشبەری لێ بەرهەم دەهێندرێت، جگە لەوەی ملیۆنەها حەبی هۆشبەر لە ئێرانەوە دەهێندرێت بۆ عێراق؟ ئەگەر کەسێک عەرەق بخواتەوە، ماددەی هۆشبەر بەکار ناهێنێت، بەڵام ئەوان دەیانەوێت خواردنەوەی کحوولی نرخی بەرز ببێتەوە هەتا خەڵک پەنا بۆ ماددە هۆشبەرەکان ببات. قووتییەک بیرە لە بەغدا بە هەزار دینارە و لە بەسڕە بە 5 هەزار، ئەمە بۆچی؟“.
 
فایەق شێخ عەلی ئەوەش ئاشکرا دەکات: ”تەنانەت دەڵاڵەکانی ئافرەتانیش پارە بە حزبە ئیسلامییەکان لە بەغدا و باشووری عێراق دەدەن. هەموومان ئەوە دەزانین و لە پەرلەمانی عێراق دانیشتووین“.
 
باسیشی لەوە کرد کە لەم ماوەیەدا ”داهاتی خواردنەوەی کحوولی و مەلها و قومارخانەکان کەم بوونەتەوە و وەک پێش ساڵی ڕابردوو و 6 مانگێک لەمەوبەر نییە“، بەڵام بە بڕیاری قەدەغەکردنی خواردنەوە کحوولییەکان، ئەو ماددانە لە بازاڕ نامێنێت و دەکرێتە قاچاخ و نرخەکەی بەرز دەکرێتەوە و ”حزبە ئیسلامییەکان”یش قازانجی لێ دەکەن.
Back to top button