مەسرور بارزانی بۆ بالیۆزی یەكێتی ئەوروپا: ماددەی 140ی دەستوور كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستانە
دوای ئەوەی ئەمڕ مەسرور بارزانی پێشوازی لە بالیۆزی یەكێتی ئەوروپاكرد, لە میانەی گفتوگۆكەیان, راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ب (رامۆن بلاكوا)ی رایگەیاندووە دەخوازین لەسەر بنەمای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن حكوومەتێكی بەهێز دروست بكەین
بەپێی ڕاگەیاندراوێك، لە دیدارێكدا، وێڕای تاوتوێكردنی هەوڵ و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكه، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و یەكێتی ئەوروپا و هەڵبژاردنی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان كرا.
پەیوەست بە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە بەغدا، مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوە دا، پشتگیری لەهەنگاوەكانی عادل عەبدولمەهدی دەكەن و، لەسەر بنەمای بەشداریكردنی یەكسان لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكان لە گفتوگۆكانیاندا بەردەوامن و، رایگەیاند: “دەبێت هەرێمی كوردستان رۆڵی بەشداری راستەقینەی لە بڕیارە سیاسی و سەربازی و ئەمنیەكان، هەبێت”.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە رۆڵی دەستوور لە چارەسەركردنی كێشەكان، بەتایبەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كرا، لەوبارەوە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ماددەی 140ی دەستوور كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستانە و، گوتی: “ئەم چارەسەرە دەبێتە بنەمایەك بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكانی وەك یاسای نەوت و غاز و بودجەی پێشمەرگە”.
لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی روونیكردەوە، كە دەخوازن لەسەر بنەمای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن حكوومەتێكی بەهێز دروست بكەین.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی یەكێتی ئەوڕووپا پیرۆزبایی سەركەوتنی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە مەسرور بارزانی كرد و رایگەیاند، ئەنجامەكان دەبنە چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ كوردستانێكی بەهێز و سەقامگیر.
هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەكانی یەكێتی ئەوڕووپا بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان دا و، رایگەیاند، یەكێتی ئەوڕووپا لە گفتوگۆی بەردەوام دایە بۆ هاوكاری كوردستان لەرووی پرۆسەی چاكسازی و رێكخستنەوەی هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی كوردستان.