مەسعود حەیدەر : كورد لە كابینەی نوێی عێراق چوار وەزارەتی پێدەدرێت
دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو هەولەكانی خستەگەڕ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق, ئەندامێكیی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: “بەگویرەی زانیارییەكان، سبەی كاتژمێر 6ی ئێوارە یان رۆژی دواتر دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت، بۆ دەنگدان لەسەر كابینە وەزارییەكەی عادل عەبدولمەهدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حاكوومەتی نوێی عێراق”.
مەسعود حەیدەر، لە پۆستێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵاتیەتی فەیسبووك، ئەو دەنگۆیانەشی پشتڕاست كردەوە كە باس لە ژمارەی ئەو وەزارەتانە دەكەن، كە بۆ پشكی كورد دیاریكراون و گوتی: “كورد 4 وەزارەتی بەردەكەوێت، یەكێكی سیادی و 3ی خزمەتگوزاری”.
ئەمەش دوای ئەوە هاتووە، هەر ئەمڕۆ عەبدوڵڵا زەیدی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم دووپاتیكردەوە، بەشێك لە كێشەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق خەریكە كاڵ دەبنەوە، ئاماژەی بەوەشكرد، “پشكی كورد بۆ 4 وەزارەت بەرز كرایەوە”، گوتیشی، “پێشبینی دەكرێت پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخرێت”.
ئەم قسانەی زەیدی لە دیدارێكدا لەگەڵ یەكێك لە میدیاكانی عێراق هاتوون و گوتی: “بەشێكی زۆری كیشە سادەكان خەریكە چارەسەر دەبن، بڕیاریش بوو سبەی كابینەی نوێی وەزاری رابگەیەندرێت، بەڵام نازانم ئاخۆ دوادەخرێت یان نا، چونكە بەگوێرەی زانیارییەكانمان تائێستا پەیكەرەكەی تەواو نەبووە، بۆیە لەوانەیە بۆ رۆژی شەممە یان یەكشەممەی داهاتوو دوابخرێت”.
زەیدی ئاماژەی بەوەشدا، “پرسی یەكلاكردنەوە و دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر پێكهاتەكاندا كۆتایی هاتووە، ئێستاش دەست بە دیاریكردنی وەزیرەكان كراوە، پێدەچێت 12 وەزارەت بۆ پێكهاتەی شیعە و 6 وەزارەت بۆ سوننەكان و 4 وەزارەتیش بە كورد بدرێت، لەكاتێكدا وەزارەتێكیش بۆ پێكهاتەكانی دیكە دیاریكراوە، كە پێشبینی دەكرێت كەسێكی كریستیان ئەو پۆستە بەڕێوە ببات”.
ئاشكراشیكرد، “لەكاتێكدا پێشتر پشكی كورد 3 وەزارەت بوو، ئێستا بۆ 4 وەزارەت بەرزكراوەتەوە و زۆر نزیكە لەوەی ئەم وەزارەتانە بریتی بن لە وەزارەتەكانی دارایی، سەرچاوە ئاوییەكان، كۆچ و كۆچبەران و گەشت و گوزار”، بەڵام تائێستا هیچ لێدوانێكی فەرمی لەلایەن پێكهاتەی كوردەوە لەمبارەیەوە رانەگەیەندراوە، ئاخۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە بەگوێرەی خواست و ئیسحقاقی ئەوانە یان نا.
ئەمەش لەكاتێكدایە، بڕیار بوو سبەی پێكهاتەی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو رابگەیەندرێت.