هێمن هەورامی: متمانە و دەنگەكانی خەڵكی كوردستان و جەماوەری پارتی ناكەینە قوربانی چەند لایەنێك

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دیداری مێری بەڕێوەچوو, هێمن هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوكات پەرلەمانتاری خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان لە پەراوێزی دیدارەكە رایگەیاندووە: “پارتی نیازی نییە حكوومەتێك بەڕێوە ببات، كە یەكێتی تێیدا بەشدار نەبێت و هێڵی سووری لەسەر هیچ كەس و قەوارەیەك نییە”.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی هێمن هەورامی گوتی: “پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی بەو ئاستە سارد نییە كە نەتوانین لێك تێبگەین”، ئاماژەی بەوەشكرد، “پارتی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكات و ئێمە ئیستحقاقی متمانە و دەنگەكانی خەڵكی كوردستان و جەماوەری پارتی ناكەینە قوربانی چەند لایەنێك كە لە خولەكانی پێشوودا پارتییان لە نیوەڕێدا جێهێشت”.

سەبارەت بە باڵانسی نێوان پارتی و یەكێتیش لە بەشداریكردنیان لە حكوومەتی داهاتوودا، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دووپاتیكردەوە، “قۆناغی پەنجا بە پەنجا بەسەرچوو، ژمارەی كورسییەكان و سەنگی لایەنەكان لەناو پەرلەمان پێوەری یەكلاكردنەوە و بەشداریكردنی هەموو لایەنەكانە لە كابینەی نویی حكوومەتدا”.

لە درێژەی قسەكانیدا هێمن هەورامی گوتی: “خەڵكی كوردستان لە هەڵبژاردنەكاندا پارتییان پاداشت كرد، بۆیە پێویستە ئێمەش خزمەتی ئەو خەڵكە بكەین و پاراستنی سەقامگیری خەڵكەكەمان لە هەموو بار و رووێكەوە لەئەستۆ بگرین”.

سەبارەت بە هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامیش كە بەشدارینەكردنی خۆی لە حكوومەتی داهاتوو راگەیاندووە، هێمن هەورامی دووپاتیكردەوە، “چ یەكگرتوو یان هەر لایەنێكی دیكە ئازادە لەوەی بەگوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێتە ناو حكوومەت و پێشوازی لێ دەكەین”.

Back to top button