كەناڵی فەرمی العراقیە: سبەی كابینەی نوێی عادل عەبدولمەهدی دەخرێتە بەردەم پەرلەمان
دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لیستی كابینەكەی ئامادەكردووە, پێش كەمێك كەناڵی فەرمی ئەلعێراقیە بڵاوی كردەوە سبەی چوارشەممە د. عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كابینەی حكوومەتەكەی دەخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق و دەنگی لەسەر دەدرێت.
ئەلعێراقیە راشیگەیاند كە كۆبوونەوەكەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق، كاتژمێر شەشی ئێوارە دەبەسترێ.
هەفتەی رابردوو نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو رایگەیاندبوو لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا كابینەكەی رادەگەیەنێت.
جێی باسە تا ئێستە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق نیگەرانن لەوەی دڵنیا نین كابینەكەی د. عادل عەبدولمەهدی لەو وەزیرانە پێكدێت كە پێشبینی دەكەن و لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داوایان كردووە، یاخود سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كەسانی بێلایەن و تەكنۆكراتی هێناوەتە پێشەوە.