نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق كۆبوونەوە

 

دوای سەردانی هەرێمی كوردستانی كردبوو چەند دیدارێكی سیاسی ئەنجامدا ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 24/10/2018 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە شاری هەولێر لەگەڵ ڕامۆن بلیكوا باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كۆبووەوە.

ماڵپەری فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە ،لە دیدارێكدا دوا پەرەسەندنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، پرسی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە دۆخی ناوچەكە كرد و دووپاتی كردەوە كە قۆناغی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستی بە سەقامگیرییە و دەبێ كارە لەپێشینەكانی وەك ئارامی و خزمەتگوزاری و چاكسازی ئابووری، دەسنیشان بكرێن، هەروەها دووپاتی كردەوه ‌كە هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند بابەتێكی پەیوەست بە دوا پەرەسەندنەكانی ناوچەكەوە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Back to top button