سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: پارتی چوار وەزارەتی بەردەكەوێن
لەگەڵ ئەوەی بڕیارە كەمێكی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەی بڕیاردان لەسەر بەشێك لە كابینەی نوێی عادل عەبدولمەهدی بدات, سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت پارتی چوار وەزارەتی بەردەكەوێت.
ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەی پرسی كورد لە بەرنامەی حكومەتی عێراق، رایگەیاند، لە بەرنامەی حكومەتدا وەك پرسێكی لاوەكی مامەڵە لەگەڵ خواستەكانی كورد كراوە, هیچ بەندێكی سەرەكی كارنامەی حكومەت بۆ كورد و هەرێمی كوردستان تەرخان نەكراوە.
هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئێمە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆك فراكسیۆنەكان لەگەڵ جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران باسمان لەو حاڵەتە كرد و سێ لاپەڕە داواكارییمان خستەڕوو.
سەبارەت بە داواكارییەكان گوتی: پرسی بودجەی هەرێم، كە ئێمە داوا دەكەین بگەڕێتەوە بۆ رێژەی حەڤدە لە سەدا، پارەی دەغڵودانی جوتیاران كە لە 2015ەوە خەرج نەكراوە، یاسای نەوت و غاز، موچە و بودجەی پێشمەرگە و دامەزراندنی ئەنجوومەنی سیاسەتی ئیتیحادی لە گرنگترین ئەو تەوەرانە بوون خستوومانەتەڕوو.
سەبارەت بە دەنگدانی نهێنی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی راشیگەیاند، ئێمە و زۆرینەی كوتلە پەرلەمانییەكان دەمانەوێت حكومەت لە وادەی دەستووری خۆیدا پێكبێت، بۆیە پێویستە دەنگدان ئاشكرا بێت و لە دەستووریشدا نەهاتووە، دەنگدان نهێنی بێت.
باسی لەوەشكرد، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ئیستحقاقی هەڵبژاردن مافی خۆیەتی 4 پۆستی وەزاری بەركەوێت، كە یەكێكیان سیادی بێت.
ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، لە دانیشتنی كاتژمێر 08:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پەسندكردنی بەرنامەی كابینەی حكومەت و دەنگدان بە حكومەت ئەنجامدەدرێت.