ناوی كاندیدەكانی پارتی بۆ كابینەی عادل عەبدولمهدی ئاشكرا دەكرێن
بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لە بارەی كابینەی نوێی عادل عەبدولمەهدی , ئارام باڵەتەی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ناوی كاندیدەكانی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان ئاشكرا كرد.
ئارام باڵەتەی گوتی: د. فوئاد حوسێن دەبێتە وەزیری دارایی و هەروەها جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری. بەنگین رێكانی بۆ وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، نەوزاد هادی، وەزیری شارەوانی.
كورد لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق چوار وەزارەت وەردەگرێت. پەرلەمانتارێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش دەڵێت، وەزارەتی داد بۆ یەكێتی دەبێت.
روونیشیكردەوە، پشكی كورد چوار وەزارەت بووە و سێیان بەر پارتی كەوتوون و یەكێكیشیان مابوویەوە لە نێوان یەكێتی و گۆڕاندا و دواجار بەر یەكێتی كەوت.
رۆژی 2ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری 2018، عادل عەبدولمەهدی لە لایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.
بڕیارە كەمێكی دیكە ئەمشەو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ پەسندكردنی بەرنامەی حكومەت و متمانە دان بە كابینەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو عادل عەبدولمەهدی كۆببێتەوە.