موقتەدا سەدر داوادەكات پەرلەمانتاران لە كاتی دەنگدان نەكەونە ژێر كاریگەری دەرەكی

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە بۆ متمانەدان بە كابینەی نوێی عادل عەبدولمەهدی كۆدەبنەوە,لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی متمانە بەخشین بە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، پەیامێكی ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران كرد.

لە پەیامەكەیدا سەدر رووی قسەكانی لە پەرلەمانتاران كرد و داوای لێكردن: “ئەی نوێنەرانی گەل، ئەمڕۆ ئێوە لە تاقیكردنەوەیەكی هەستیاردان، ئەمڕۆ ئێوە بەرامبەر بەخودا و گەل و وڵات بەرپرسن”.

سەدر نووسیویەتی: “ئەی پەرلەمانتاران؛ دەنگی ئێوە زۆر بەنرخە و ئەو دەنگەتان ئەمانەتی گەلە لای ئێوە، بۆیە دەنگ بە كەسانی لێهاتوو، دەستپاك، سەربەخۆ و شارەزا بدەن، نەكەن بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆتان و حزبەكانتان بخەنە پێشەوەی بەرژەوەندی عێراق، خۆتان لە پشكپشكێنەی تایفی و رەگەزپەرەستی دوور بخەنەوە و هەوڵ بدەن بڕیاری ئێوە بڕیارێكی عێراقی بێت، نەكەن عێراق رادەستی ئەوانە بكەن كە لەودیو سنووری وڵاتەكەمانن”.

سەركردەی رەوتی سەدر دووپاتیكردەوە، “حكوومەتە نوێیەكەمان حكومەتێكی عێراقییە، نابێت نە رۆژهەڵاتی و نەڕۆژئاوایی دەنگی خۆی لەسەری بەرز بكاتەوە”، روونیشكردەوە، “لێرە بەتایبەت مەبەستم وەزارەتە ئەمنییەكانە، كە پێویستە بە هەموو پێوەرێك ئەو وەزارەتانە عێراقی بن و رادەستی فشارە دەرەكییەكان نەكرێن، چونكە ئەو دوو وەزارەتە هەیبەت بۆ وڵاتەكەمان دەگێڕنەوە”, كە مەبەست لێی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگرییە.

Back to top button