فەتوای حەرام كردنی پۆبجیش دەركرا

 

دوای ئەوەی یاریەك بە شێوەی ئۆنلاین بە ناوی پۆبجی PUBG كورتكراوەی (PlayerUnknowns Battlegrounds) كە یەكێكە لە یاریە بەربلاوەكانی جیهان وجۆرەكەی Battle Royaleـە، ئەم یارییە گرنگی و ناوبانگیەكەی لەوەدایە بێ ھیچ بەرامبەر و گرفتێكی تەكنیكی لە ھەموو سمارت فۆنێك – موبایلی زیرەك -دەتوانرێت داون لۆد بكرێت ، ئەم جۆرەیان لە یاری ئۆنلاین بریتییە لەوەی چەند یاریزانێك لە شوێنێكی دیاریكراودا یاریدەكەن و لە كۆتاییشدا تەنها یەك كەس براوە دەبێت لەناویاندا، یاریەكە لەلایەن كۆمپانیای Blueholeـەوە دروستكراوە. لە وڵاتانی جیھان بایەخێكی گرنگی پەیدا كردووە دواتر لە رۆژھەڵاتیناوەراست ھەوادارێكی بێ ھەژماری پەیدا كرد بە شێوەیەك كە رێكۆردێكی زۆر گرنگی داھات و قازانجی بۆ كۆمپانیای دایك وداھێنەرەكەی دەستە بەركرد، ماوەی چەند مانگێكیشە ئەم یارییە لە كوردستان بڵاوبووەتەوە و خەڵكانێكی زۆر بە تایبەت گەنجان لەسەر مۆبایلەكانیان داونڵۆدیان كردووە و یاری پێدەكەن و كاتێكی زۆری پێ بەسەر دەبەن .

سەبارەت بەم یاریەش لیژنەی فەتوا بۆ بڕیاردان لەسەر حەرامبوون یان نەبوونی یاری پۆبجی كۆبووە و لەدوای كۆبوونەوەكەش بڕیاریاندا كە ئەم یارییە حەرام بكرێت.

د.عیرفان رەشید، سەرۆكی لیژنەی فەتوای سلێمانی بەدەزگاكانی راگەیاندنی گوتووە “لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا (چوارشەممە 24-10-2018) كە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، بڕیاردرا كە كاركردن بە یاری پەبجی حەرام بكرێت، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم یارییە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵكانێكی زۆر بە تایبەت گەنجان بەمكارەوە سەرقاڵبن و كاتەكانی خۆیان بەفیڕۆبدەن كە لە بەرژەوەندی پێكەوەژیانی خێزانی و سەروشتی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكاندا نیە “.

ھاوكات سەرۆكی لیژنەی فەتوای سلێمانی دەڵێت: “لە ئایینی ئیسلامیشدا هاتووە هەر كەسێك كاتەكانی خۆی بەبێ هیچ هۆكارێك بەفیڕۆبدات كە زیانی ھەبێت و كاتی تێدا بە ھەدەر بدرێت حەرامە، ئەمەش لەبەرئەوەیە كە ئەم یارییە دەچێتە ئەو چوارچێوەیە و خەڵكانێكی زۆریش لە كوردستان ئاڵوودەی ئەو یارییە بوون بەبێ ئەوەی هیچ سوودێك بە خۆیان یان دەوروبەریان بگەیێنن و زیانێكی گەورەی دەروونی و كۆمەڵایەتیشی دروست كردووە “.

Back to top button