بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌ ماوه‌ی سێ مانگدا كۆنگره‌ ده‌به‌ستن

جموجۆڵی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ بۆ توڕه‌ بوونی زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی گۆڕان وەرگرتنی بڕی ٢٥٠ هەزار دۆلاری مانگانە بە نهێنی لە گروپی خیانه‌تكاری ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ری ناو یەکێتی، هەروەها تاپۆرکردنی سەرجەم موڵک و ماڵەکانی گۆڕان بەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، جگە لە پەیوەندییە تایبەتەکەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە داراییەکانیان لە سلێمانی، کێشەی لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا درووست کردووە و بەشێک لە بەرپرسانی بزووتنەوەکە بە ئاشکرا نیگەرانی خۆیان ده‌رده‌بڕن .

حەکیم عوبێد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “جارێ ھیچ بڕیارێکمان نەداوە لەبارەی ئەوەی کە ئایا بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین یان بەپێچەوانەوە، بەڵام ھەر سێ ئەگەری، وەک بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی یان بەشداریکردن لە پێکھێنانی کابینەی حکوومەت، یاخود بوون بە ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز، لەبەردەم گۆڕاندا کراوەیە، لەگەڵ ئەوەش ئەو پرسە جڤاتی نیشتمانی بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدات“.

ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، ده‌ڵێت:” ھەر کاتێک بڕیاریان دا، بەشداری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەوکاتە تەواوی داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی ھەر پۆستێکی سیادی دیاری دەکەن”.

حەکیم عوبێد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ده‌شلێت:” ئێستا یەکەم ھەنگاوی گۆڕان ئەوەیە کە خۆی ڕێک بخاتەوە، لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا کۆنگرە دەبەستێت، بڕیاریش دراوە، کە کۆنفرانسی نیشتمانی و ھەڵبژاردنی بازنە و ڕایەڵەکان بکەن، گۆڕانکارییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە خوارەوە تاوەکوو پۆستی ڕێکخەری گشتی دەگرێتەوە، بەڵام تا ئەوکاتەی ھەڵبژاردنی ناوخۆ نەکرێت، ”عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتییە و ھیچ کەسێکیش کاندید نییە بەرامبەر ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان“.

حەکیم عوبێد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان گوتیشی :” ھەرچەندە ئەوان دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانیان ڕەت کردووەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو ساختەکارییە لە دەنگەکانمان نەکرایە، گۆڕان ئەو ھێزە نییە کورسییەکانی بەو شێوەیە دابەزێت”.

بزووتنەوەی گۆڕان كە لە ۲۵ی تەمووزی ۲۰۰۹ بۆ یەكەمجار بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد، بووە هێزی دووەم لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا. لە هەڵبژاردنی ۲۰۱۳ بە بەدەستهێنانی كورسییەك كەمتر، پارێزگاری لە پلەی دووەمی خۆی كرد و بە دروشمی چوار ساڵی ئارام، بڕیاری دا بەشداریی لە حكومەت بكات بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و چوار وەزارەت (پێشمەرگە و دارایی و ئەوقاف و بازرگانی)، بەڵام چوار ساڵی پڕ له‌ توندوتیژی و ئاژاوه‌گیڕی لە هەڵبژاردنی ۲۰۱۸ ژمارەی كورسییەكانی بۆ نیوە دابەزی.

Back to top button