تاڵه‌بانی بارزانی ناسنامه‌ی كورد و شۆڕشی كوردایه‌تییه‌

عومەر دزەیی هاوڕێیەکی دێرینی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتی و هونەرمەندی ناسراوی گەلی کوردستان ،ناوەڕۆکی گفتوگۆیەکی نێوان مام جەلال و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی هاوژینی بڵاوده‌كاته‌وه‌.

عومەر دزەیی له‌ وتارێكیدا له‌ ژێر ناونیشانی ( لە دووگردکانەوە بۆ بنی دونیا) ئاماژەی بە سەردانێکی جەلال تاڵەبانی بۆ ماڵەکەی کردووە و نووسیویەتی و ده‌ڵێت: ”ساڵانێک دەبوو یەکتریمان نەدیبوو و لە برادەرانی یەکیەتیی نەمسای بیستبوو کە من بە خاوخێزانەوە لە ڤیەننام. مام جەلالی بەوەفا بۆ برادەرانی، ئارەزووی دیدەنیی من و منداڵەکانمی کردبوو. رۆژێکیان کاک سەعدی پیرە و کاک محەمەد تۆفیق و کاکە قالەی خانەقای بەگەڵ خۆی دابوو و ھاتن بۆ ماڵەکەی ئێمە لە گەڕەکی دەیەمی ڤیەننا“.

عومه‌ردزه‌یی له‌ وتاره‌كه‌یدا هێمای بۆ میواندارییه‌كی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی كردووه‌و له‌ تاڵه‌بانی پرسیووه‌ ”ئەرێ مام جەلال، ئێستا ئەتۆ جەلالی یان مەلایی؟”، لە وەڵامیشدا مام جەلال پێکەنیوە و ئاماژەی بە سەربردەیەکی خۆشی نێوان خۆی و هێرۆ برایمی هاوسەری کردووە.

عومه‌ر دزه‌یی ده‌ڵێت :” ”مام جەلال گوتی، نێوانمان لەگەڵ پارتی لەوپەڕی خراپیدا بوو،جارێکیان لەگەڵ ھێرۆ خان لە قوبرس بووین، لە رێستۆرانێکدا نانمان دەخوارد، کابرای گارسۆن ھەر ھەستی خۆی دەداینێ، نەیدەزانی بە چ زمانێک دەدوێین، دواجار خۆی پێ نەگیرا و گوتی ببوورن دەتوانم لێتان بپرسم ئەوە چ زمانێکە ئێوە قسەی پێ دەکەن؟ گوتم کوردی. کابرا یەکسەر گوتی: ئــا، بارزانی، بارزانی!. مام جەلال گوتی: ھێرۆ زۆری پێ ناخۆش بوو، بەڵام من پێم گوت، “بەخوای ھێرۆ، بمانەوێ و نەمانەوێ، دونیا کورد و شۆڕشەکەی ھەر بە بارزانی دەناسێتەوە”.

Back to top button