بەرپرسێكی پارتی: پەكەكە لە شنگاڵ بنكەو بارەگاكانی زیاد دەكات
دوای ئەوەی شنگاڵ لە لایەن داعش داگیركرا, پەكەكە هێزێكی هێنایە سنورەكانی شنگاڵ و دوای ئزادكرنی لە لایەن پێشمەرگە چەند بنكەو بارەگایەكی لە شارەكە و دەورووبەری كردۆتەوە, ئێستا شنگاڵ لە لایەن حەشدی شەعبی داگیر كراوە پەكەكە لە هەماهەنگی حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەكی شنگاڵ ماونەتەوە كە بووەتە هۆی نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی ئەو قەزایە ئێستا لە ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانن, بەر پرسێكی پارتیش دەڵێت پەكەكە بەردەوامە لە زیادكردنی بنكەو بارەگاكانی لە شنگاڵ.
قادر قەچاخ، بەرپرسی لە لقی 17 پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە: ”پەكەكە لە شنگال 3 بنكە و بارەگای نوێیان كردووەتەوە، بنكەیەكیان لە گرعوزێر و بنكەیەكیش لە سیبا شێخدر و سێیەم بنكە لە دەڤەری گرزەرك، ئێستا حەشدی شەعبی لە شنگال پشتگیریی پەكەكە دەكات و دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر داگیركردنی شنگال لەلایەن حەشدی شەعبی، ئێمە چاوەڕێ بووین حەشدی شەعبی هێزی ناقانوونی لە شنگال نەهێڵێت، بەڵام بەپێچەوانەوە، پشتیوانییان دەكەن و هەتاوەكوو ئێستا شنگالییەكان لەجیاتی ئەوەی بگەڕێنەوە ناو سەنتەر و باوەشی شنگال و بچنە ژێر دەستی حەشد، زیاتر حەز بە ژیانی ئاوارەیی دەكەن“.
ئاشكراشی كرد: ”ئەو ڕۆژەی شنگال لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستی بەسەردا گیرا، زۆربەی خەڵكی شنگال ئاوارە بوون، ڕێژەی هێزە ناقانوونییەكان گەیشتووەتە %85 لە شنگال، زیان گەیاندن بە شنگال لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو زیادبوون دەڕوات و خەڵكی شنگال داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەكەن بۆ ناو شنگال“.
بەرپرسی لقی 17ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شنگال راشی گەیاند: ”ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەی سەر بە شنگال و دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن زیاد دەكات، بۆشاییەكی ئیداری و ئەمنی دروست بووە، خەڵك زۆر بێزارن لەم بارە، ئەو هێزانەی ئێستا لە شنگالن ڕێگە بە رێكخراوە خێرخوازی و مرۆییەكان نادەن بچنە ناو شنگال، بۆ ئەوەی هاوكاریی خەڵكی شنگال بكەن، خەڵكی شنگال ژیانی كەمپ و ئاوارەیی و دەردەسەریی پێ باشترە، نەك بچێتە ژێر دەستی هێزێكی ئەوها، %25ی خەڵكی گەڕاونەتەوە شنگال، ئەگەر رێگا نەكەنەوە بۆ هاوكارییەكان، ئەو %25ەش دەگەڕێنەوە“.
زیاتر ئاخاوت و گوتی: ”تاوانی هەمەجۆر لە شنگال ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتی لەو سنوورانەی كاری قاچاغی لێ دەكرێت، دزی دەكرێت، چونكە هیچ یاسایەك نییە، ئەوانەی ناشەرعیین لە شنگال سەربەخۆ رەفتار دەكەن و لەلایەن ئەو هێزانەوە قسەی نەشیاو و ستەم لە خەڵكی شنگال دەكرێت، هەروەها عەرەب هاتوونەتە سەر گوندی ئێزدییەكان و زۆرداری دەكەن و بەردەوامی بە بەرنامەی رژێمی بەعس دەدەن و تەعریب لە دەڤەری شنگال بەردەوامە“.