CIA چەند بەڵگەیەكی نوێ لە بارەی كوژرانی جەماڵ خاشقچی بڵاودەكاتەوە
دوی ئەوەی حكومەتی سعودیە دانی بە كوژرانی رۆژنامەنوس و رەخنەگری ولاتەكەی جەمال خاشقچی دانا,رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی ئاشكرایكرد، جینا هاسبڵ، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگەری ناوەندی ئەمەریكا “CIA”, لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ توركیا، گوێبیستی ئەو تۆمارە دەنگییانە بووە، كە لە كاتی كوژرانی جەمال خاشوقچی، رۆژنامەنووسی سعوودی لە كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە ئیستەنبوڵ تۆماركراون.
ئەو رۆژنامە ئەمەریكییە لە چەند سەرچاوەیەك بڵاویكردەوە، “ئامانج لە كۆبوونەوەكانی هاسبڵ لە توركیا كە لە سێشەممەی رابردووەوە دەستی پێكردووە، بۆ مەبەستی كۆكردنەوەی بەڵگەیە لەسەر پرسی كوژرانی خاشوقچی”.
واشنتۆن پۆست نووسیویەتی، “هاسبڵ باوەڕی بەو بەڵگانە كردووە كە لە توركیا بەدەستی هێناون، ئەمەش وادەكات فشاری زیاتر بخرێنە سەر سعوودیە”.
رۆژی شەممەی رابردوو، ریاز دانی بەوەدا نا كە خاشوقچی لەناو بارەگای كونسۆڵخانەی وڵاتەكەیان لە ئیستەنبوڵ كوژراوە و ئاماژەی بەوە دابوو، “رووداوەكە لەئەنجامی دەمەقاڵی و شەڕەشەق درووست بووە و كوژرانی خاشوقچیی بەدواوە بوو”، هەروەها دەستگیركردنی 18 كەسی سعوودیشی راگەیاند، كە لە كەیسەكەوە تێوە گلاون، بەڵام تائێستا شوێنی تەرمی ناوبراو نازانرێت.
هەر لە چوارچێوەی لێكەوتەكانی ئەو دۆسییەدا، شای سعوودییە هەریەك لە ئەحمەد عەسیری، جێگری سەرۆكی هەواڵگەری و سعوود بن عەبدوڵڵا ئەلقەحتانی، راویژكاری دیوانی شاهانەی لە كارەكانیان دوور خستەوە، بڕیار پێكهێنانی لێژنەیەكیش بە سەرۆكایەتی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی وڵاتەكەی دەركرد، بۆئەوەی پەیكەری هەواڵگەری گشتی سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە.