مالیكی هێرش دەكاتە سەر بارزانی و پارتیش بە وتەبێژەكەی وەڵامی دەداتەوە
خواكوڕك
نووری مالیكی، ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوە و سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ ئاژانسی یوونیوز هێرشێكی تووند دەكاتە سەر مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دەڵێت: “هەرێمی كوردستان مەبەستم هەموو كورد نییە بەڵكو مەبەستم مەسعود بارزانی و پارتی دیموكراتە بوونە خاڵێك و وێستگەیەكی ستراتیژی و پێشكەتوو بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی ئەمریكاو ئیسرائیل”
لەبەرامبەر ئەو هێرشەی مالیكی دا پارتی لەرێگای گوتەبێژەكەی وەڵامی دەداتەوە و دەلێت مالیكی خەونی دووبارە حوكمكردنی عێراقی هەیە، مەحاڵە بتوانێ جارێكی تر حوكمی عێراق بكات و ئەگەر بۆی رەخسا و دووبارە دەستەڵاتی لە عێراق گرتە دەست ئەوە بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ و بۆی نییە حوكمی كوردستان بكات”.
مالیكی لە دیمانەكەی دا دەلێت”ئێستا ئیسرائیل نفوزێكی گەورەی لە هەرێمی كوردستان هەیە بەهۆی ئەو پەیوەندییە پێشینەی و درێژكراوەی خانەوادەی بارزانی و ئیسرائیل، ئێستا پەیوەندییەكان پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینیوە كە پرسە بۆ شیمۆن پرێز دادەندرێت و پێشانگا بۆ جووەكان لە هەولێر دەكرێتەوە و رێگا بە كەناڵی دووی ئیسرائیل دەدرێت یاوەری پێشمەرگە بكات لە شەڕی موسڵ”.
لەبەرامبەردا گوتەبێژی پارتی دەلێت “لە چاوپێكەوتنەكەدا باسی ئیسرائیلیش دەكات ئەوە لەكاتێكدایە هەمیشە مەمنوونی ئەوە بووە ئیسرائیل مەرحەبایی بكات، نەشمانزانیوە ئیسرائیل نانی خەڵكی بڕیبێت،
هەورەها مالیكی داوای هەڵوێستی روون لە حكومەتی بەغدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان و خودی بارزانی لە دوای شەڕی موسڵ دەكات و دەڵێت:” كات بە خێرایی دەڕوات پێویستە بەغدا هەڵوێستی بەرامبەر فراوان بوونی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و بارزانی هەبێت، ئێستا بارزانی دەسەڵاتی بە سەر موسڵ و ئەو ناوچە نەوتییە فراوان بووە كە ناوچەیەكە 27 ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە، هەروەها مالیكی دەلێت ،بارزانی دەستی بە سەر كەركووك و چەند ناوچەیەكی موسڵ گرتووە و سەرقاڵی حكومەتی بەغدا و سوپای عێراقی بە شەڕی داعش، قۆزتووەتەوە، بۆیە داوای هەڵوێست لە هێزە عێراقییەكان دەكات و دەڵێت:” پێویستە هەڵوێستێكی روون و تووند بەرامبەر مەسعود هەبێت كە بگەڕێتەوە سنووری خۆی ئەو سنوورە سەوزەی كە ئەنجوومەنی حوكم دوای رووخانی رژێم داینا، ئەمەش دوور لە موجامەلە و رازیكردنی مەسعود، بەڵكو پێویستی بە هەڵوێستی تووندی سەرجەم هێزە سیاسییەكان هەیە”.
هەروەها گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەرامبەر ئەو قسانە دەلێت:مالیكی لە قسەكانیدا باسی سنووری كوردستان و پارتی و پێشمەرگەی كردووە، با لەوە دڵنیایی بكەین كە سنووری كوردستان ئەو سنوورە نییە كە سەدام و مالیكی دیاریی دەكەن. سنووری كوردستان ئەو سنوورەیە كە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی لەدەستی داعش ڕزگاری كردووە و جێگیریش دەبێت. هەروەها با باشیش بزانێت لەبەرانبەر ئیرادەی كوردستان و پێشمەرگە و پارتی هیچی لەدەست ناهێت جگە لەسەرشۆڕی. مالیكی خەونی دووبارە حوكمكردنی عێراقی هەیە، مەحاڵە بتوانی جارێكی تر حوكمی عێراق بكات و ئەگەر بۆی ڕەخسا و دووبارە دەستەڵاتی لە عێراق گرتە دەست ئەوە بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ و بۆی نییە حوكمی كوردستان بكات.
هەورەها مالیكی لە چاوپێكەوتنەكەی دا ئەوەش دەخاتەڕوو كە ئەمریكا دژی بەشداریی حەشدی شەعبی لە شەڕی موسڵە، چونكە پێیانوایە هێزێكی تائیفییە ئەو دەڵێت: “هەندێك سیاسی تائیفی نایانەوێ حەشدی شەعبی بەشداری شەڕی موسڵ بكات، چونكە ئەو سیاسیانە دەیانەوێ موسڵ دابەشبكەن لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بە سەر ئەو ناوچە نەوتییانە بەرفراوان بێت، چونكە بەشداری حەشدی شەعبی بە قوڵایی لەم شەڕە رێگری لەو پیلانانە دەكات، هەورەها دەلێت هەڵسوكەوتی هەرێمی كوردستان بە نایاسایی و نادەستووری وەسفدەكات و دەڵێت: “بە رەزامەندی و بەخێرهێنانی هەرێمی كوردستان سوپای توركیا هاتووەتە باشیك، هێزەكە لە پردی ئیبراهیم خەلیل و زاخۆوە ، پاشان هاتووەتە دهۆك و لە باشیك جێگیر بووە، هەرێمی كوردستان وا هەستدەكات كە دراوسێی و هاوڕێیەكی عێراقە، نەك بەشێكە لە عێراق”.
لەبەرامبەر ئەو قسانەدا گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەلێت،لە سەردەمی دەستەڵاتداریی مایەپووچی خۆی سوپایەكی كارتۆنی دروست كرد كە لەبەرانبەر داعشدا دوو كاتژمێر خۆی نەگرت و نیوەی عێراقی بەخشییە داعش بە چەك و كەلوپەلی 6 فیرقەی سەربازی. سوپایەكی دروست كرد كە وەلائی بۆ نیشتیمان نەبوو و بە دوژمنایەتیی پێشمەرگە گۆشی كردبوو. ئێستا چاوی بەوە هەڵنایەت كە سوپای عێراقی و پێشمەرگە بە هەماهەنگییەكی بێ وێنە سەركەوتووانە شەڕی تیرۆر دەكەن و ئەو ناوچانە ئازاد دەكەن كە سوپا و جەنەڕاڵە ترسنۆكەكانی مالیكی پێشكەشی داعشیان كردبوو. داخی مالیكی ئەوەیە كە پێشمەرگە و سوپای عێراق هاوسەنگەرن و سەركەتوون لەشەڕی تیرۆردا. لە ئێرەیی و بێچارەییدا وەك ئەو ورچە بریندارەی لێهاتووە گاز لە برینی خۆی دەگرێ دەشلێت، ئەو پیاوێكی بێ وەفایە، ئەو چاكەیەی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان بە تایبەتی پارتی لە پێش و دوای 2003 بۆ مالیكی كردوویانە هیچ كەسێك و لایەنێك نەیكردووە. لەبەرانبەردا ئەو تاوان و ناپاكییەی مالیكی لە بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجامی داوە لە تاوانەكانی عەلی حەسەن مەجید كەمتر نییە. لە قسەكانیدا بەرانبەر ئەمەریكییەكانیش بێ وەفایە ئەگەرچی سەروەختێك كوڕە بەنازەكەی ئەوان بوو.