خواكوڕك زانیاری نوێ لە بارەی رفاندی كادری یەكێتی لاوان لە لایەن ئاسایشی یەكێتی بڵاودەكاتەوە
دوای ئەوەی دوێنێ كادرێكی یەكێتی لاوان لە لایەن ئاسایشی یەكێتی لە بەردەم مزگەوت رفێنرا, بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕانیە ڕای گەیاند، كادیرێكیان بە ھۆكارێكی نادیار لەلایەن ئاسایشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەستگیر كراوە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی لە ڕانیە ڕایگەیاند: “كادیرەكەی ئێمە بە تۆمەتێكی نادیار دەستگیر كراوە، ھەرچەندە دەڵێن ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین كراوە، بەڵام كەسوكارەكەی ڕۆیشتوونەتە لای پۆلیس و نەیانبینیوە“.
ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی كردەوە كە بەدواداچوونی جدی بۆ ئەم بابەتە دەكەن و گوتیشی: ”قەبوڵ ناكەین بە میزاج و لەخۆڕا تۆمەت بۆ كادیری ئێمە دروست بكرێت و دەستگیری بكەن”.
لەبارەی ھۆكاری دەستگیركردنی ئەو كادیرەی پارتییەوە، گەیلانی ئاشكرای كرد: “تا ئێستا نازانرێت بۆ دەستگیریان كردووە، بەتایبەتیش ئێستا ھەلومەرجەكە ناسكە و خەڵك چاوەڕێی لێكنزیكبوونەوە و سەقامگیریی زیاترە، بەڵام پێمان سەیر بوو برادەران و ئاسایشی یەكێتی لەم كاتەدا كادیری ئێمە دەستگیر بكەن”.
شایەنی باسە, ڕۆژی ھەینی ٢٦\١٠\٢٠١٨ لە كاتی نوێژی بەكۆمەڵدا، “خۆشناو ئەنوەر”، بەرپرسی ناوەندی چالاكیی پێگەیاندنی خۆشناوەتی كە سەر بە ناوەندی باڵای ڕانیەی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستانە، لەلایەن ئاسایشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە ڕفێندرا.