رۆژنامەنووسێك پیلانێك لە سلێمانی دژ بە هزری نەتەوەیی ئاشكرا دەكات كە مانگانە ملیۆنان دۆلاری بۆ سەرفدەكرێت

 

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو میدیاكانی سنوری سلێمانی بە هەموو شێوەیەك كاریان لەسەر ئیڕهابی فیكری كردووە كە دژ بە بنەما نەتەوەییەكان و بناد نانی هزری نەتەوەیییە, ڕۆژنامەنووسێكی كورد رای گەیاند، زانیاری هەیە كە مانگانە ملیۆنان دۆلار بۆ لەباربردنی هەستی نەتەوەیی كورد لە شاری سلێمانی و لە ڕێگەی كۆمەڵێك میدیای سەر بە قەرارگەی ڕەمەزان و قەرارگەی هەمزە (دوو دامەزراوەیی سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێرانن) خەرج دەكرێت.

ئاڵا هۆشیار، ڕۆژنامەنووس چەند زانیاریەك ئاشكرادەكات كە دەلێت:” بە پرۆژەی گەورە و بە ملیۆنان دۆلار پارە خەرج كراوە، بۆ ئەوەی هەستی كوردایەتی لە سلێمانیدا لەبار ببرێت، ئەگینا ”هیچ شارێك بەقەد سلێمانی مێژووی لەگەڵ كوردایەتیدا نەبووە، لە شاعیر و نووسەر و كەسانی ناودار هەموویان كوردپەروەر بوون، كار لەسەر ئەو شارە كراوە، ئەمە نیشانەی ئەوە نییە بە سلێمانی بڵێی جاشن، چونكە ئەمە دەمانخاتە باوەشی شەڕێكی براكوژییەوە“.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕوونی كردووەتەوە، ئەو میدیایانەی كار لەسەر پڕۆژەكە دەكەن، ”بەلای ئەوانەوە ئەخلاقی نیشتمانی گرنگ نییە، بەڵكوو كۆمەڵێك هەرزەكاری سیاسی و جیلی دووەمی سیاسییەكانن و لە وڵاتێكی وەكوو بەریتانیا گەورە بوون و لە ناو هەناوی كۆمەڵگەی سلێمانی ناژی و كۆمەڵێ قەڵەم بەدەست پەروەردە دەكات و لە ڕێگەی قەرارگەی ڕەمەزان و قەرارگەی حەمزەوە پارەیان دابین دەكات“.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە: ”ڕۆژنامەنووس هەیە لەو سلێمانییە هەموو مانگێك دەبێ شتەكانی بباتە قەرارگەی رەمەزان تا پارەكەی پێ دەدەن. قەڵەم بەدەستەكانیان دێن باسی جوانییەكانی مەلیكولشوعەرای ئێران و باسی مەولانا جەلالەدینی رۆمی دەكەن، گرنگی بە بەردی كاشیی ئەسفەهان دەدات، ئەمە هێرشی فەرهەنگییە و دەیانەوێ ئێمە هەست بە كەمایەتی بكەین، لە سینەمای سلێمانی مەجیدی مەجیدی دێت ١٠٠ ملیۆن دینار پارەی پێ دەدرێ، مەجیدی دەستەڕاستی خامەنەیی و فیلمێكی لەسەر هیند و مەینەتییەكانیان درووست كردووە، كەچی باسی مەینەتییەكانی خەڵكی خۆیان ناكات كە هەزاران خەڵكی خاوەن بڕوانامەی ماستەر لەنێو گۆڕدا دەژین“.

ئەم قسانەی ئاڵا هۆشیار لە كاتێكدا دێت كە بەشێكی زۆری كوردپەروەران بەردەوام سەرسوڕمانی خۆیان لەوە دەردەبڕن كە ئاخۆ چۆن لە شاری سلێمانی كە لە كوردایەتیدا بە شاری هەڵمەت و قوربانی ناوبانگی دەركردبوو، لە ئاست پرسە چارەنووسسازە نەتەوەییەكانی وەك ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری گرووپێكی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چەندان پرسی دیكە، هەڵوێستیان بەو شێوەیە نەبووە كە چاوەڕێ دەكرا.

Back to top button