لەسەر سنوری پارێزگای هەڵەبجە سوپای پاسداران دوو كوردی رۆژهەڵاتیان كوشت
دوای تێپەڕشینی تەنها سێ هەفتە بەسەر كوژرانی كۆلبەرێكی كورد بە دەستی سوپای پاسداران لە سەر سنوری نێوان باشورو رۆژهەڵاتی كوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو ھاووڵاتی دیكەی كوردی خەڵكی پاوەی رۆژھەڵاتی كوردستان لە سنووری شارەدێی تەوێڵە لەلایەن ھێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كوژران.
رائید بارزان عوسمان محەمەد گوتەبێژی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی ھەڵەبجە رایگەیاند: “كاتژمێر 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 2 ھاووڵاتی كوردی رۆژھەڵاتی كوردستان لە سنووری شارەدێی تەوێڵە لە نزیك سەیرانگای ئاوێسەر لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللـە و كوژراون”
بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەڵەبجە، ئەو دوو كەسە خەڵكی پاوەی رۆژھەڵاتی كوردستانن و تەرمەكانیان لەلایەن ھێزەكانی ئێرانەوە براوەتەوە بۆ شاری پاوە، هەروەها لە بارەی ناسنامەی قوربانییەكان تا ئێستا زانیارییەك بڵاو نەكراوەتەوە.