نووسەرێكی عەرەبی بەتووندی وەڵامی مالیكی دەداتەوە چەند زانیاریەكیش ئاشكرا دەكات

خواكوڕك
 
ئەنوەر حەمدانی، نووسەر و سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی کەناڵی (تاسیعە نیوز)، لە وتارێکدا کە بە ناوی (سەرۆک مەسعود بارزانی و نامەیەک بۆ (نووری)!) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم، ئەوەی خەڵکی گوندەکان لە کەرکووک ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە زوڵم و کۆچپێکردنی زۆرەملێ، ڕەتکراوەیە و نامرۆڤانەیە، بەرپرسیارێتییەکەی یەکەمجار لە ئەستۆی پارێزگاری کەرکووکە (نەجمەدین کەریم)، ئەو پیاوەش لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی (موتڵەگ، مالیکی، جبووری، مەفرەجی، محەمەد تەمیم و حزبی ئیسلامی)یە، ئیتر سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتیی کوردستان چ پەیوەندییەکیان بەمەوە هەیە“.
 
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: ”موتڵەگ دەچێتە سلێمانی و بابەتەکە چارەسەر دەکات، لەگەڵیدا مالیکی، مەفرەجی، محەمەد تەمیم، جبووری و لە نزیکیشیان، ئێستا جەنەڕال قاسم سولەیمانی لە سلێمانییە“.
 
باسیشی لەوە کردووە کە نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، بەرپرسی کارگێڕی و جێبەجێکارە کە سەر بە حکوومەتی بەغدایە نەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە سنووری دەسەڵاتی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دایە، بۆیە دەپرسێت: “کەواتە بۆچی عەبادی لە هەڵسوکەوتەکانی پارێزگارەکەی ژێر دەسەڵاتی بێدەنگە؟ دواتر بۆچی جبووری، مەفرەجی، موتڵەگ و محەمەد تەمیم ناچنە لای عەبادی و داوای وەستاندنی کۆچپێکردن بکەن؟”.
بۆیە ئەنوەر حەمدانی پێی وایە، پاش ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، “بڕیارە ئازایانەکەی دەرکرد وەک پیاوی دەوڵەت کە بەرژەوەندیی گەلەکەی خۆی دەزانێت و بۆ خۆی چووە بەغدا بە مەبەستی شکاندنی بارودۆخی بەستووی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند، بۆیە ئەو هەڵوێستەی ئێستا مەبەستەکەی ڕوونە، بە تایبەتیش پاش ئەوەی کە هاوپەیمانییەک لە نێوان هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ پێکهاتووە، ئیتر بانگەشەکارانی تایفەگەری و ململانێی نەتەوەیی بەم هەنگاوانە شێت بوون و دەیانەوێت هەموو شتێک لە هەموو دۆسیەیەک تێک بدەن”.
 
 
 
ئەو نووسەرە عەرەبە ئەوەش ناشارێتەوە کە پاش شکستهێنانی هەوڵەکانی پێشووی حزبەکەی مالیکی کە لە چوارچێوەیدا پارێزگاکانی “مووسڵ، سەڵاحەدین، ئەنبار، دیالە و ئەوانی دیکە، بە سوپای عێراقیشەوە فرۆشران و سنوورەکانیان بە ڕووی داعشدا کردەوە”، ئیتر سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە ئاسانکاری بۆ هاتنەناوەوەی ئیسڕائیل بۆ کوردستان کردووە. بۆیە دەڵێت: “ئەوەی ئاسانکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکییەکان کرد، هەروەها ڕێگەی بەهاتنی قاعیدە، داعش، چیچانی و ئەفغانییەکان و ئەوانی دیکە دا بێنە ناو عێراق، حزبی دەعوە و ئەو حزبە ئیسلامیی شیعیی سوننییانە بوو کە لەگەڵ حزبەکەی مالیکیدا بوون، پێموایە کۆبوونەوەکانی پێش و دوای ساڵی 2003 لەبیر نەکراوە کە لە کوێ و لەگەڵ کێ و بە چاودێریی کێ بەستران و لەسەر چی هەمووان واژۆیان کرد”.
 
حەمدانی قەڵەمەکەی ئاراستەی مالیکی دەکات و دەڵێت: “ئەوەی شوێنەوارەکانی عێراقی فرۆشت و شارستانیەتەکەی کۆپی کرد و پاش ساڵی 2003 گەیاندییە ئیسرائیل، لەلایەنی ئێوە بوو نەک لە لایەنی بارزانی، برام نووری. هەروەها ئەوەی پێشوازی لە شاندە ئیسرائیلییەکان و پیاوەکانی مۆساد لە بابل و بەغدا و شوێنی دیکە و ڕێگەیان پێدان وەک کۆمپانیا و وەبەرهێنان، بە ناوی جیاواز و خەیاڵی لە نێوان ساڵی 2006 – 2014 کار بکەن، حکوومەتە کارتۆنییەکەی ئێوە بوو، نەک حکوومەتی هەرێم، برام نووری”.
 
لە کۆتاییشدا باسی بوونی ڕۆژنامەنووسێکی ئیسرائیلی لە سنوورەکانی پێشمەرگە کردووە و باسی لەوە کردووە کە ئێستا دۆخی عێراق بە جۆرێکە، سەرجەم دەزگا هەواڵگرییەکانی دونیا، لەسەر خاکی عێراق “دێن و دەچن”. بۆیە پێی وایە: “بابەتەکە لە سەر ڕۆژنامەنووسێک کورت ناکرێتەوە”.
 
ئەمە لە کاتێک دایە کە پێشتر نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، بە بیانووی کۆچپێکردنی عەرەبەکانی کەرکووک، هێرشی کردبووە سەر هەرێمی کوردستان و داوای کشانەوەی پێشمەرگەی بۆ ئەو شوێنە کردبوو کە ساڵی 2003 تێیدا بووە. لەبەرامبەریشدا گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا بە توندی وەڵامی دایەوە و ڕای گەیاند: “پێشمەرگە بە خوێنی خۆی سنووری کوردستان دیاری دەکات، نەک مالیکی”.
 
ئەنوەر حەمدانی
ئەنوەر حەمدانی
س: باس
Back to top button