بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر به‌شێوازێكی پێشكه‌وتوو نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌

بازاڕی لەنگە یەکێکە لە گەورەترین بازاڕەکانی شاری هەولێر، كه‌ ده‌كه‌ێته‌ سه‌ر شه‌قامی ۱۰۰ مه‌تری شاری هه‌ولێر، دوکانەکانی تایبەتن بە کەلوپەلی پلاستیکی و جلوبەرگ و هەندێک پێداویستی دیکە، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ کۆنترۆڵکردنی ئاسان نه‌بێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی10ی2018 هەریەک لە نێچیرڤان ئەحمەد، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لەسەر راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بازاڕی لەنگەی هەولێریان کرد .

عه‌لی ڕه‌شید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، پێوەست بە گڕگرتنی بازاڕی لەنگە، كە لە كۆی ٢٤٠٠ دووكان، ۱۲۰۰ دووكانیان سووتاون و زیانێكی زۆر بە كاسبكارانی ئەو بازاڕە كەوتووە، لە لێدوانێكی ڕۆنامه‌وانیدا ڕایگەیاند: “ھۆكاری سەرەكیی سووتانی بازاڕەكە، بە ھۆی شۆڕتی كارەباوە بووە، ھەروەھا لیژنەیەك بۆ سەرجەم بازاڕەكان پێك دێت، تاوەكو رێگە لە رووداوی ھاوشێوەی بازاڕی لەنگە بگیرێت و، دڵنیایی تەواویش دەدەینە كاسبكارانی بازاڕی لەنگە، كە بە زووترین كات بازاڕەكە لەسەر شێوازی پێشوو نۆژەن دەكرێتەوە و ئاسانكارییش بۆ كاسبكاران دەكرێت، داوا لە حكوومەتیش دەكەین قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكاتەوە”.

لای خۆیه‌وه‌ نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند :”لەسەر بڕیاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەپەلە یارمەتی پێشکەشی دووکاندارەکان دەکرێت. ئەوان دووکانەکانیان نۆژەندەکەنەوە و لەسەر ئەرکی حکومەت کارەبای نیشتمانی و مووەلیدە دەبێتە یەک شەبەکە و بۆیان رێکدەخرێت، هەروەها تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و بۆڕی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە لەژێر زەوی بۆیان دروستدەکرێت و بەشێک لە کۆڵانەکانی بازاڕەکە کە سەریان دادەپۆشرێت ئەمانە هەموویان لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێ دەکرێن”.

نێچیرڤان ئەحمەد، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەوەی “ئێمە لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆکی حکومەت هاتووین بۆ ئەوەی بە زوویی ئەو بازاڕە بکەوێتەوە سەرکار و، ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە: رێگەی رۆتینیات نەبێت و بەزوویی کارەکان جێبەجێبکرێن”.

كاتژمێر ۳:۳۰ خوله‌كی به‌ره‌به‌یانی ڕۆِژی پێنجشه‌ممه‌ ۲۵ی تشرینی یه‌كه‌می ۲۰۱۸، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و بەخێرایی زۆربەی دوکانەکانی سووتاند، دوای سووتانی نزیكه‌ی هه‌زار و ۲۰۰ دوکان (نیوەی دووکانەکانی بازاڕەکە) ئاگرەکە لە رێگەی بەکارهێنانی هەلیکۆپتەر و بارینی بارانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرا.

Back to top button